دوو چالاکی ژینگەپارێزی دەسبەسەر کران

13:52 - 15 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەو، ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پینجشەممە ١ی ڕەشەممە، چالاکێکی ژینگەپارێزی بە ناوی \"ئارمین ئیسپرلوس\" لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە، دەسبەسەر کرا.

ئەو چالاکە ژینگەپارێزیە، پاش دەسبەسەر کردن بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری سنە ڕاگوێزراو و لە کاتی دەسبەسەر کردنیدا، ‌هێزە ئیتلاعاتییەکان دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی ناوبراو کرد و هێندێک کەرەستەی شەخسی ئەو چالاکە ژینگەپارێزەیان لەگەڵ خۆیان برد.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ٢٩ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، فەردین کەریمی، چالاکێکی دیکەی ژینگەپارێزی لە شاری سنە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسداران، دەسبەسەر بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کراوە.

‌هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی دەسبەسەریدا، ئەم چالاکە ژینگەیەدا، دەستیان بە سەر هێندێک کەرەستەی شەخسی ناوبراودا، گرتووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووس و هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەو دوو چالاکە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.