دوو پێشمەرگەی کۆمەڵە لە ڕووداوی هاتوچۆدا گیانیان لەدەست دا

14:44 - 17 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ، گیانیان لەدەست دا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی جۆزەردان، سکرتاریای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، گیانلەدەستدانی دوو پێشمەرگەی ئەو حیزبەی کە بە ڕووداوی هاتوچۆ لە شاری ڕانیەی هەرێمی کوردستاندا گیانیان لەدەست دابوو، پشتڕاست کردەوە.

لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: \"لە کاتی جێگۆڕکێ و گواستنەوەی ژمارەیەک لە هاوڕێیانی پێشمەرگەی کۆمەڵە بۆ بنکە سنوورییەکان، یەکێک لە ماشینەکانی هەڵگری هاوڕێیانی پێشمەرگە، لە گوندی \"وەرێ\"، لە نێوان \"نواوە\" و \"مێرگەسەر\"، لە نزیک \"بێتواتە\"ی سەر بە شاری ڕانییەدا، تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوونە و گیانیان لەدەست داوە.\"

شوناسی ئەو دوو پێشمەرگەیە بە ناوەکانی \"فەرهاد وەکیلی\" و لیمۆ کەریمی\"، ڕاگەیاندراوە.

لەم ڕووداوەدا، پێشمەرگەیەکی دیکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە سەختی بریندار بووە و هەنووکە لەژێرچاوەدێریی پزیشکیدایە.

ئەم دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەیە، لە گوندی \"وەرێ\"، هەڵکەوتوو لە ناوچەی ڕانیە، تووشی ئەم ڕووداوە بوون.