دوو هاووڵاتیی کورد لە شاری سنە دەسبەسەر کران

20:34 - 18 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد هەر یەک بە جیا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٧ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"وەحید عەزیمی\" لە شوێنی کارەکەی لە نزیک مەیدانی \"ئیقبالی\" شاری سنە دەسبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بێ خستنە ڕووی بەڵگەیی یاسایی بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان\" ئەو هاووڵاتییە کوردەیان وێرای لێدانی فیزیکی دەسبەسەر کردووە.

هەروها ساڵی ٩٥ وەحید عەزیمی هەر بەو تۆمەتە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دوای ١٤ رۆژ لێپێچینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"حەبیب ئەحمەدی\" لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە لە شوێنی کارەکە لە شەقامی \"خۆسرەو ئاوا\"ی سنە دەسبەسەر کراوە.

لە هۆکاری دەسبەسەر کرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییه و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەیی ناوبراو بۆ ئاگاداری لە چارەنووسی هیچ ئاکامێکی نەبووە.

وێنە: حەبیب ئەحمەدی