دوو هاووڵاتیی کورد لە سنە و بۆکان دەسبەسەر کران

13:17 - 7 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی سنە و بۆکان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ لەمەوبەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"فەرشید فەیزوڵڵاهی\" تەمەن ٣٣ ساڵ کوڕی عەبدوڵڵا لە ناوچەی \"نەران\"ـی سنە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ساڵی ٩٥یش بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران\" لە لایەن سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و پاش یەک حەوتوو لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە بەر دەستدا نییه.

لە لایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"ئاکام قادری\" تەمەن ٣١ ساڵە کوڕی ڕۆستەم لە بۆکان بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ‌هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەسبەسەرکردندا کەوتووتە بەر لێدانی هێزە ئیتلاعاتییەکان.

هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاگاداری لە چارەنووسی کوڕەکەیان ئاکامێکی نەبووە.