دوو هاووڵاتیی کورد لە زیندانی بۆکان چاوەڕێی دادگایی کردنیانن

13:46 - 3 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد، سەرەڕای تێپەڕینی دوو ساڵ لە ماوەی دەسبەسەرکرانیان لە زیندانی شاری بۆکان، چارەنووسیان هێشتا ناروونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو هاووڵاتیی کوردبە ناوەکانی \"جەماڵ یووسفی\" خەڵکی گوندی \"موشیرئاوا\" و \"حوسێن ئیبراهیم حەمزە\" کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی گوندی \"قەرەگۆڵ\" سەر بە شاری بۆکان، سەرەڕای تێپەڕینی دوو ساڵ له دەسبەسەرکرانیان، هەروەها بارودۆخیان ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەر کرانیان چەندین کەڕەت لەگەڵ بنەماڵەکانیان چاوپێکەوتنیان کردووە و لە بەڕێوەچوونی دادگایی ئەو دوو زیندانییە کوردە و تۆمەتی‌وەپاڵدرراوەکان، هێج هەواڵ و زانیارییەک نییە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: \"ناڕوونیی چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، نیگەرانی لای بنەماڵەکانیان لێکەوتووەتەوە و لە چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی دادگاییەکیان دان\".

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە هەنوکە لە زیندانی شاری بۆکاندا ڕاگیراون و ساڵی ٩٥ بە تۆمەتی \"ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بوونه.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێنانی زۆرەملێ، ئازار و ئەشکەنجەی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان داوە.