دوو هاووڵاتیی کورد بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ کران

14:56 - 6 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد، خەڵکی گوندی \"حەسەن‌نووران\"، سەر بە شاری شنۆ، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بانگهێشت کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوای هێرشی هێزەکانی سپای پاسداران بۆ سەر ڕێوڕەسمی نەورۆز لە گوندی \"حەسەن‌نوورانـ\"ـی شنۆ، دوو کەس لە دانیشتووانی ئەم گەندە بە ناوەکانی \"مەولوود فەتحوڵڵاهی\"، کوڕی بایزید و \"سلێمان داستار\"، کوڕی سەعدوون، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ بانگهێشت کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، دوای تەواو بوونی لێپرسینەوەکەیان ئازاد کراون و هێزە ئیتلاعاتییەکان دەستیان بەسەر تەلەفۆنەکانیاندا گرتووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: هێزە ئیتلاعاتییەکان، زانیارییە کەسییەکانی سەر مۆبایلی ئەو دوو هاووڵاتییەیان پشکنیوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی شەممە، ٣ی خاکەلێوە، چوار هاووڵاتیی دیکەی کورد، بە ناوەکانی \"حەیدەر شێخ‌محەممەدی، محەممەد ئەسەدی، حامید ڕەشیدپاک و حەمزەی مام‌قادری\"، خەڵکی گوندی \"ئاڵیاوێـ\"ـی شاری شنۆ، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراون.

هۆکاری بانگهێشتکردنی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، بە بۆنەی ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز لە گوندی \"حەسەن‌نووران\" بووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی ڕەشەمە، هێزەکانی سپای پاسداران، هێرشیان کردە سەر ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز، لە گوندی \"حەسەن‌نووران\" و لەگەڵ بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمە، تووشی شەڕ و تێکەڵچوون بوون.