دوو هاووڵاتیی پیرانشاری به دانانی بارمتە به شێوەی کاتی ئازاد کران

14:55 - 21 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوە، به دانانی بارمتە، به شێوەی کاتی ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ لەمەوپێش، هاووڵاتییەکی کورد، به ناوی \"شێرکۆ عەلیمحەممەدی\"، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوە تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا به دانانی بارمته ئازاد کرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر به ئیتلاعاتی سپا، ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی سەرماوەز، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە و پاش گەڕان بە نێو ماڵەکەیدا، ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەرکران به تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، بە مەبەستی لێپرسینەوە گوازراوەتەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا لە شاری ورمێ.

لە لایەکی تریشەوە، ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کوردی دیکە به ناوی \"کەماڵ ئازادداوەر\" خەڵکی پیرانشار، به دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەن به شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، لە کۆتایییەکانی مانگی سەرماوەزدا، بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، دەسبەسەر کرابوو.