دوو هاووڵاتیی كورد لە كاتی مەلەدا خنكان

14:56 - 19 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: هاووڵاتییەكی كوردی خەڵكی ناوچەی \"ئەنزەل\"ی ورمێ‌ لە تاڤگەی سوورە دووكەڵ خنكاوە و هاووڵاتییەكی دیكەی خەڵكی مەریوانیش لە بەنداوی \"گاڕان\" لە كاتی مەلەدا گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێكەوتی 17ی پووشپەڕ هاووڵاتییەكی كوردی دانیشتووی ناوچەی \"ئەنزەل\"ی ورمێ‌ بەهۆی بەربوونەوە لە تاڤگەی سوورە دووكەڵ خنكاوە.

هەتا كاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە ناو و شوناسی ئەو هاووڵاتییە كوردە زانیارییەك لەبەردەستدا نیە.
\"5194.jpg\"
هەواڵنێری كوردپا لە مەریوانیشەوە ئاشكرای كردووە رێكەوتی 17ی پووشپەڕ هاووڵاتییەك بەناوی مه‌ناف مەعرووفی تەمەن 22ساڵ كوڕی جانەڵڵا خەڵكی گوندی \"نەروێ\"ی سەر بە شاری نەوسوود لە كاتی مەلە كردن لە بەنداوی \"گاڕان\" لە گوندی چنارە تووشی راوەستانی دڵ بووە و گیانی لەدەست داوە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە تاڤگەی سوورە دووكەڵ 15 هاووڵاتیی كورد لە كاتی مەلە كردندا خنكاون و بە وتەی دانیشتوانی دەورووبەری تاڤگەی سوورەدووكەڵ لە كۆری ئەو پازدە كەسە پێنج كەسیان تەنیا ئەمساڵ لە كاتی مەلەكردندا گیانیان لەدەست داوە.