دوو هاووڵاتی کورد بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، دەسبەسەر کران

13:55 - 2 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتییە کورد خەڵکی شاری بۆکان لە لایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەشەممەی ٩٧، دوو هاووڵاتی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی \"مستەفا جەوادی\" ناوسراو بە (مستەفا دارتاش) و \"تەوفیق ڕەحمانی\"، خەڵکی گوندی \"میرئاوا\"ی شاری بۆکان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

‌هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان، بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەر کردنییان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان ڕاگوێزراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هێچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، یەکێک لە دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی و نیشتەجێی شاری ورمێ، دەستی لە دەسبەسەر کردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەدا، هەبووە.