دوو هاووڵاتی لە شارەکانی سنە و نەغەدە دەسبەسەر کران

11:36 - 25 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان دوو هاووڵاتیی کوردیان لە شارەکانی سنە و نەغەدە دەسبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "وەلی حەنیفی"، خەڵکی شاری نەغەدە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا" دەسبەسەر و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی ڕەزبەر، چالاکێکی کرێکاری بە ناوی "فەرامەزر شەریعەتی"، خەڵکی شاری سنە، لە شوێنی کارەکەیدا لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە کرێکارییە، بەبێ بەڵگەی یاسایی بووە و لە هۆکاری دەسبەسەرکرانی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.