دوو لاوی کورد لە گوندێکی سنە دەسبەسەر کران

11:32 - 30 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو لاوی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ١٦ی خەرمانانی ئەمساڵ، هێزە ئیتلاعاتییەکان لاوێکی کورد بە ناوی "میلاد مینبەری" کوڕی "عیسا" خەڵکی گوندی "نییەر"، سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنەیان دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕایانگواست.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو لاوە کوردە پاش حەوتوویەک لە دەسبەسەرکرانی، تەنیا پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیی لە گەڵ بنەماڵەکەیدا هەبووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە لە چارەنووسی ئەو لاوە کوردە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی ڕەزبەر، هێزە ئیتلاعاتییەکان، خاڵۆی "میلاد مینبەری" بە ناوی "موختار مینبەری"، خەڵکی گوندی "نییەر"یان دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگواستووە.

هەتا ئێستا هێزە ئیتلاعاتییەکان، هۆکارێکی ڕوونیان بۆ دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە  کوردە ڕانەگەیاندووە و چارەنووسی ناڕوونە.