دوو لاوی کورد لە سنووری حاجی عومەران دەسبەسەر کران

13:41 - 9 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو ڵاوی کوردی خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕێ ورمێ، لە گومرۆکی حاجی عومەرانی پیرانشار دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، دوو هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"بێهزاد شەهسەوار کوڕی میکائیل و سیامەند شەهسەوار کوڕی مستەفا\"، خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ لە گومرۆکی حاجی عومەران دەسبەسەر کران و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"مەئموورانی بەشی حەراسەتی گومرۆکی حاجی عومەران، لە کاتی پشکنینی موبایلی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، دەسبەسەریان کردوون\".

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی هەواداری و هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبه کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران دەسبەسەر کردووە و ئێستاش لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا لە ژیر لێکۆڵینەوەدان.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەوە هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، لە بەردەستدا نییە.