دوو زیندانیی کورد لە زیندانەکانی ورمێ و مەهاباد، مانیان لە خواردن گرت

14:58 - 17 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی کورد لە گرتووخانەکانی ورمێ و مەهاباد، لە هەمبەر هەڵسووکەوتی نەشیاوی بەرپرسانی ئەو دوو گرتووخانەیە، مانیان لە خواردن گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قادر محەممەدزادە، زیندانیی سیاسی کورد خەڵکی شاری بۆکان، لە گرتووخانەی ناوەندی شاری ورمێ لە هەمبەر ڕاگرتنی ناوبراو لە قەرەنتینەی پێشووی زیندان (بند امن)، بەردەوامە لە مانگرتنەکەی خۆی.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، ڕۆژی ١١ی ڕەشەممە دەستی داوەتە مانگرتن و چواردەهەمین ساڵی زیندانیی بوونی خۆی لەو گرتووخانەیە، تێدەپەڕێنێ.

قادر محەممەدزادە، لەگەڵ سێ کەسی دیکە بەپێی دەستووری قەزایی بە تۆمەتی \"پێشێلکردنی یاساکانی زیندان\" بۆ قەرەنتینەی پێشووی زیندان ڕاگوێزراوە و لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکی بێبەری کراوە.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ٨٤ی هەتاوی، لەگەڵ محەممەدئەمین عەبدوڵلاهی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش لێکۆڵینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی ورمێ و مەهاباد،بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزراوە و پاش ١٥ مانگ لە ناڕوونی چارەنووسی لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە تۆمەتی \"محاربە لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\"، هەر کامیان بە ١٨ ساڵ زیندانی بە دوورخراوەیی مەحکووم کران و ئەم حوکمەش بە فەرمی لە دادگای پێداچونەوە، پشتڕاست کراوەتەوە.

قادر محەممەدزادە، مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٨٩، لە دۆسیەکی دیکەدا، بە تۆمەتی \"پەیوەندی لەگەڵ میدیا بیانییەکان لە دەرەوەی وڵات\"، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە ٥ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم و لە ماوەی زیندانیبوونیدا، لە مافی مورەخەسی بێبەری بووە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕەشەممە، جەمیشید گوڵئەندامی، زیندانیی سیاسی لە گرتووخانەی شاری مەهاباد، لە هەمبەر \"گوشارهێنانی بەرپرسانی ئەو زیندانە و هەڵسووکەوتی نەشیاو\" لەگەڵ ناوبراو، دەستی دایە مانگرتن.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، ڕایگەیاندووە، هەتا جێبەجێ نەکردنی داخوازییەکانی درێژە بە مانگرتنەکەی دەدات.

ئەو زیندانییە کوردە، لە ماوەی زیندانیبوونیدا، تووشی نەخۆشی گەدە و چاو بووە و چەندین کەڕەت بەرپرسانی زیندانی شاری مەهاباد، لەگەڵ چارەسەری پزیشکی جەمشید گوڵئەندام، لە دەرەوەی زیندان، ناڕەزایەتییان دەربڕیووە.

جەمشید گوڵئەندامی لە ماوەی ساڵەکانی ٦٩ هەتا ٧٢، ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران بووە و ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ٩٣، بە تۆمەتی \"شەڕ و تێکەڵچوون لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی خۆجێی سپای پاسداران و بریندار کردنی ئەو کەسە، بە \"چوار ساڵ زیندان، دانی دیە و لێدانی ٢٥٠ قامچی\"، مەحکووم کرا.

مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٤ی هەتاوی، حوکمی لێدانی ٢٥٠ قامچی لە جەمشید گوڵئەندام جێبەجێ کرا.