دواکەوتنی پارەی شۆفیرەکانی شیرکەتی \"خارادژ\"ی شاری نەغەدە

16:28 - 6 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: شۆفیرەکان و کرێکارانی شیرکەتی خارادژی شاری نەغەدە، ماوەی چوار مانگە پارەیان وەرنەگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی پووشپەڕ، کرێکاران و شۆفیرانی شیرکەتی \"خارادژ\"ی شاری نەغەدە، ماوەی چوار مانگە پارەیان وەرنەگرتووە و لەو پەیوەندییەدا، مانیان گرت.

یەکێک لە کرێکارانی شیرکەتی خارادژی شاری نەغدە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ماوەی چوار مانگە پارەمان وەرنەگرتووە و جێژنانەی نەورۆزیشمان پێنەدراوە\".

بە وتەی ئەو کرێکارە کوردە، لە ماوەی ئەم چوار مانگەدا، چەندین جار داوای پارە دواکەوتووەکانیان لە خاوەن شیرکەتەکە کردووە، بەڵام ناوبراو هەڕەشەی دەرکردن لەسەر کارەکەیانی لێ کردوون.

ئەم کرێکارە هەروەها وتی: \"سەرەڕای داواکردنی پارە دواکەوتووەکانمان و وڵامنەدانەوەی خاوەن ئەو شیرکەتەیە، ڕۆژی چوارشەممە لەبەر دەرگای ئەو شیرکەتە ناڕەزایەتییمان دەربڕی و مانمان گرت\".

ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد: \"خاوەن شیرکەتە بە جێگای پێدانی پارە دواکەوتووەکەمان، دووبارە هەڕەشەی دەرکرانمانی لەو شیرکەتە کرد\".

شیرکەتی خارادژ، لە گوندی \"بەگەم قەڵا\"ی شاری نەغەدە هەڵکەوتووە.