درۆکەی زەریف لە بەرامبەر راستییەکان

20:10 - 17 بانەمەڕ 2715
Unknown Author
کەژاڵ حاجی میرزایی

ڕۆژی چووارشەمەرێکەوتی ٩ی گوڵانی ١٣٩٤، موحەممەد جەوادی زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوتووێژێکدا لە گەڵ چارلیی رۆز، نووچەوان و پێشکەشکاری ئامریکایی لە کەناڵی پی بی ئێسی ئامریکا دەڵێت \"لە ئێراندا کەسێک لەبەر دەربڕینیی بیر و باوەڕزیندانی ناکەین\" هەروەها جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە\"ئەو کەسگەلەی کە تاوانبارن و یاساکانی وڵاتێک پێشێل دەکەن ناتوانن لە ژێر ناوی ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی خۆیان بشارنەوە\".

لێرەدا بە لە بەرچاو گرتنی خسلەتی سیستەمی حقوقی و دادپەروەری ئێران و هەروەها بەستراوەیی دادگاکانی ئەو رژیمە بە دەزگا ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکان - کە بە دەیان نمونە چالاکانی مەدەنی و رۆژنامەوانییان بە تۆمەتی ناڕەوا و هەڵبەستراو بە مەبەستی سەرکوت و بێ دەنگ کردنی دەنگی نارەزایەتی گەلانی ئێران زیندانی و تەنانەت ئیعدامیش کردووە - زەریف زۆر بە ڕاشکاوانە بەو وتەیەی خۆی هەم چەواشەی راستییەکان دەکات و هەمیش پاساو دێنێتەوە بۆ ئەو مکانیزمە سەرکوتکەرەی کۆماری ئیسلامی.

بەڵام لەم کاتەدا کە ئاوەها درۆیەک دێتە سەر زاری زەریف بە سەدان ڕۆژنامەوان و چالاکی مەدەنیی و سیاسی لە گرتووخانەکانی ئێراندا دەستبەسەرن و لە ژێر ئەشکەنجەدان؛ سەدان ڕۆژنامەوان لە بەر ئازارو ئەشکەنجەکردن بە دەستی هێزەکانی ئەمنییەتی گیانی خۆیانیان لە دەست داوە و کەسانێکی زۆریش بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێی دەستەبەسەر بوون ژیان بەسەر ئەبەن. دەیان و بگرە سەدان چالاکی مەدەنی و رۆژنەمەوانی لە بەر هەڕەشە و گوشاری دەزگا ئەمنییەتی و حوکمی بێدادگاکانی ئەو رژیمە ناچار بوون وڵاتی خۆیان بەجێ بهێڵن. دەیان گۆڤار و حەوتەنامە و ڕۆژنامەش داخراون یان لە ژێر زەخت و فشارێکی زۆردان و زۆر جاریش بەر بە وەشانیان دەگیرێت.

لە کوردستاندا کەش و هەواکە زۆر نالەبارترە و تا ئێستاش زۆریک لە حەوتەنامەکان داخراون و زۆرێک لە نووسەرانیش لە بەر ترس و دڵەڕاوکێ بێدەنگیان هەڵبژاردووە و و هەندێکیش لە بەر پاراستنیی گیانی خۆیان ڕێگای هەندەرانیان گرتۆتە بەر و کەوتوونەتە دوورە وڵاتیی و چەند کەسی ڕۆژنامەوانیش و بە سەدان چالاکی سیاسی و مەدەنیش(کورد)لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدان.

ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی بێ سنوور

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ڕۆژنامەوانانی بێ سنوور،ئێران لە نێو ١٨٠ وڵاتیی دونیادا لە بوواری نەبوونی ئازادیی ڕاگەیاندندا لە ڕەدەی١٧٣یەمین هەڵکەوتووە. لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە دەکرێت کە \"سپای پاسداران \"،\"شوورای عالی فەزای مەجازی\"،\"کارگرووهی تەعینی مەسادقی موجریمانە\" دوژمنانی جیددی ئازادی ئینترنێتن کە سوپای پاسداران بە جیددیترین دوژمنی ئەو ئازادییە ناو دەبات.

ڕۆژنامەوانانی دەستبەسەری کورد

موحەممەد سدیقی کەبوودوەند سەرنووسەری حەوتەنامەی \"پیام مردم\" لە ١٠ی پووشپەڕی ١٣٨٦وە بە هۆی بڵاو بوونەوەی ئەو حەفتەنامەیە و دامەزراندیی\" ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی کوردستان\" یازدە ساڵ زیندانی بە سەر سەپاوە و لە بارودۆخێکی نەشیاو و مەترسیداری جەستەییدا بە سەر دەبات و هیچ بایەخێک بە چارەسەر کردنی نەخۆشییەکانی نادرێت و تەنانەت مافی دیتنی بنەماڵەکەشی لێ سەندراوەتەوە.

عەدنان حەسەنپوور کە لە ساڵی ١٣٨٥ـەوە بە هۆی چالاکیی ڕۆژنامەوانییەوە دەستبەسەر و حوکمی لە سێدارەدانیان بە سەریدا سەپاند بەڵام دوای ماوەیەک حوکمەکەی گوڕدراو کرا بە پازدەساڵ زیندان و بەداخەوە هەنووکە ڕۆژەکانی ژیانی لە بەندیخانەی سنە بەسەر دەبات. جێگای ئاماژەیە کە ئەم دوو ڕۆژنامەوانە کوردە بە پێشیینەترین ڕۆژنامەوانانی زیندانی کراوی گرتووخانەکانیی ئێران دێنە ئەژمار.

بەڕێزان مەسعوود کوردپوور سەرنووسەری دەزگای هەواڵنێری موکریان و براکەی خوسرەو کوردپوور هەواڵنێری ئەو دەزگایە لە ڕێکەوتی ١٧ و ١٩ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم دەستبەسەر کران و ئێستاش خەریکی تێپەڕکردنی حوکمەکەیانن. هەروەها کەم نین ئەو کەسانەی کە لە کوردستان بە هۆی چالاکیی مەدەنییەوە بانگهێشتی دەزگائەمنییەکان دەکرێن و بە دوای ئەزییەت و ئازاری لە ڕادەبەدەری دەروونی و جەستەیی بە نالەبارترین و ناعادڵانەترین شێوە حوکم دەدرێن.

ئێمە لە ئێراندا کە س لەبەر دەربڕینی بیر و باوەڕ دەستبەسەر ناکەین
درۆوەکانی زەریف قەت نابنە هۆی لە بەین چوونی ڕاستییەکان. زیندانی کردنی دەروێشە گونابادییەکان، بەهائیییەکان، وبلاگ نووسەکان، یارسانەکان، پەیامنێرو ڕۆژنامەوانان و هەروەها چالاکانی سیاسی و مەدەنی ڕووداوە راستەقینەکانی ئەو کۆمەڵگایە و دەرد و ئازاری خەڵک زۆر بە زقی دەردەخەن.ئەوە فرمێسکی چاوی ئەو منداڵانە کە باوکیان بە هۆی بیر و باوەڕی ناڕێک لەگەڵ رژیمی کۆماری ئیسلامی و یان بە هۆی چالاکی مەدەنی و سیاسی لە سێدارە دەدرێت یان زیندانی دەکرێتکۆماری ئیسلامی بە دونیا دەناسێنێت نەک قسەکانی زەریف و باقی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی.

لە کاتێکدا بۆ هەموومان ڕوون و ئاشکرایە کە هەمووی ئەم دەستبەسەرکردنانە بە تۆمەتی ساختە و هەڵبەستراو و تەنیا بۆ بە رواڵەت قانونی نیشاندانی حوکمەکان ئەنجام دەدرێن، یان دەنا ئەوە هەندێک مادەی بێ پێناسەی وەک ئێقدام دژی ئاسایشی نەتەوەیی و تەبلیغ دژی نیزام و شەڕ لەگەڵ خوا و ... هتد دیاری کراون بۆ سەرکوت و بێ دەنگ کردنی چالاکانی مەدەنی و رۆژنامەوانی. لە کۆتایی دا بچووکترین بەڵگە بۆ نادرووستی و درۆ بوونی قسەکانی زەریف، رێگە پێ نەدانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بە ئەحمەد شەهید، رێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکانە کە چەندین جارە داوای سەفەر بۆ ئێران بە مەبەستی سەردان کردنی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی و دیتنی دەستبەسەرکراوە مەدەنی و سیاسییەکان دەکات.

ئەو بابەتە را و تێبینی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکەکەی بەرپرسیار نیە