دروستکردنی دۆسیەی قەزایی بۆ سەرنووسەری سیروان پاش سكاڵای شۆرای ئیسلامیی شاری سنه

14:39 - 2 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: پاش تۆمارکردنی سکاڵای شۆرای ئیسلامیی شاری سنه، به دژی سەرنووسەری سیروان، ناوبراو دۆسیەی قەزایی بۆ دروست کرا.

ڕۆژی دووشەممە، ١ی ڕێبەندان، حەفتەنامەی سیروان لە هەواڵێکدا، باسی لە بانگهێشتی سەرنووسەری ئەم هەفتەنامەیە بۆ نووسینگەی پولیسی فەتا لە شاری سنەدا کرد.

سیروان لەم بارەوە نووسیویەتی: \"لقی ٨ی دادیاریی شاری سنە، به هۆی سکاڵای شۆرای ئیسلامیی شاری سنه، دژی فەیزوڵڵا پیری، سەرنووسەری سیروان دۆسیەی قەزایی بۆ ناوبراو کردووەتەوە\".

ئەم هەفتەنامەیە نووسیویەتی: \"ئەم ڕۆژنامەوانە ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی بەفرانبار، لە لایەن پولیسی فەتاوە بانگهێشتنامەیەکی پێ دەگات و ڕۆژی دووشەممە، ١ی ڕێبەندان، خۆی به نووسینگەی پولیسی فەتا دەناسێنێت.

پولیسی فەتا به شێوەی زارەکی و به نووسراوە لێکۆڵینەوەی لە ناوبراو کردووە.

هەفتەنامەی سیروان ڕایگەیاندووە: \"پیری بە هۆی بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدئۆییەک لە شوشتنی ماشینێکی پلاک شەخسی لە لایەن خزمەتگوازی شۆرای ئیسلامی شاری سنەوە، که به ئاوی خواردنەوەی شاری ئەم کارەی کردووە، سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە\".

پاش تەواوبوونی لێپرسینەوە، دۆسیەی سەرنووسەری هەفتەنامەی سیروان نێردراوە بۆ لقی ٨ی دادیاریی شاری سنە.