دایکی "بەهمەن قوبادی" لە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی خومەینیی تاراندا دەسبەسەر کرا

16:16 - 31 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: دایکی "بەهمەن قوبادی"، دەرهێنەر و فیلمسازی ناسراوی کورد، لە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی خومەینیی تاراندا، دەسبەسەر کرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٣١ی خەرمانان، "بەهمەن قوبادی"، دەرهێنەری ناسراوی کورد، هەواڵی دەسبەسەرکردنی دایکی لە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی خومەینیی تارانی ڕاگەیاند.

ناوبراو لەمبارەوە لەسەر پەیجی فەرمیی خۆی لە ئینیستاگرامدا ڕایگەیاند: "هەواڵم پێگەیشت کە دایکی پیری من لە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی خومەینی، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە".

"قوبادی" هەروەها نووسیویەتی: "شەرم بۆ ئێوە (ڕێژیمی ئێران) کە ئیجازەی چوونەدەرەوەی دایکی ماندوو و زەحمەتکێشمتان نەدا، هەتاکوو دوای ماوەیەکی دوورودرێژ، بیبینم. ئێوە زۆر لە مرۆڤایەتی و ویژدان بەدوورن. وەها ڕێژیمێکی گەندەڵ، ترسنۆک و درۆزن، ڕێگایەکی جگە لە لەنێوچوون نییە. شەرم بۆ هەمووتان".

"بەهمەن قوبادی"، ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی لە شارستانی بانە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا لەدایک بووە و لە زانکۆی تاراندا لە بواری سینمادا دەرچووە.

ناوبراو یەکێک لە پڕکارترین دەرهێنەرانی کورتەفیلمە و تا ئێستا چەندین خەڵاتی جۆراوجۆری لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا بەدەست هێناوە.