داڕووخان و درز بردنی قەڵای میر غوڵام/ سەردەمی روو بە مەرگی ئاسەوارە مێژووییەكانی ئیلام

14:14 - 26 خەزەڵوەر 2711
كوردپا- هەواڵدەریی میهر لە راپۆرتێكدا نووسیویەتی: قەڵای میرغوڵام هەڵكەوتوو لە شاری \"دەڕەشەهر\" سەر بە پارێزگای ئیلام بەهۆی كەمتەرخەمی و پشت گوێ‌ خران داڕووخاوە و زۆربەی دیوارەكانی درزیان بردووە و بەرەو نابووتی دەڕوات.

لە پارێزگای ئیلام زۆر قەڵای مێژوویی، ئاسەوار و شوێنەواری كۆنینەناسی و بەتایبەت لە دەڕەشەهر بوونیان هەیە، یەك لە گرینگترین قەڵا مێژووییەكانی ئەو پارێزگایە قەڵای \"میرغوڵام\"ە كە بەهۆی كەمتەرخەمیی ئۆرگانە پێوەندیارەكان بەشێكی زۆر لە دیوارەكانی داڕووخاوە و درزییان تێكەوتووە كە هەر ئەمەش بۆتە هۆی لەناوچوونی یەكجارەكیی.

لە درێژەی راپۆرتەكەی میهردا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی كە قەڵای میرغوڵام لە لیستەی ئاسەوارە میلییەكان دایە، بەڵام ئێستا لە دۆخێكی خراپ و لەبیر چوونەوە دایە، بە وتەی كارناسانی بیناسازی بەهۆی بەكار هێنانی بەردی مەڕمەڕی غەیرە ستاندار و كارناسی و هەروەها گەچی كۆن و خراپ لە نۆژەن كردنەوەیدا، بەربەر بەهۆی باران و كەش و هەواوە دیوارەكان داڕووخاون و درزیان تێكەوتووە و كەس ئاوڕی لێناداتەوە.

بەكارهێنانی مادەی بیناسازیی كۆن لە دیوار دەلاقەكانی قەڵای میرغوڵام سیمایەكی ناشیرینیان بەو قەڵایە بەخشیوە، لە حالێكدا كە دەكرێ‌ وەكوو شوێنێكی گەشتیاری بۆ ناوچەكە بەكار بهێنرێ‌، بەڵام خەریكە دەبێتە وێرانە.

قەڵای میر غوڵام لە گوندی مەهدی ئاباد لە پێنج كیلۆمیتریی شاری دەڕەشهرەی سەر بە پارێزگای ئیلام هەڵكەوتووە، كە ساڵی 1303ی هەتاوی لەلایەن میر غوڵام هاشمی یەكێك لە والییەكانی میر لە دۆڵی جوان و بەرجەوەندی \"سیكان\" ساز كراوە، كە لەباری بیناسازییەوە یەكێك لە قەڵا سەرنجڕاكێشەكانی دەڕەشەهرە.

لە پارێزگای ئیلام 720 ئاسەواری مێژوویی هەن كە لە لیستەی ئاسەوارە میلییەكاندا تۆمار كراون، بەڵام بە شێوەی پێویست و شیاو گرینگی و سەرنجیان پێنادرێ‌ و ئەمەش بۆتە هۆی نیگەرانیی لەناو چوون و مەرگی بەشێك لە ئاسەوارە بەنرخەكانی ئەو پارێزگایە.