داوای ئازادیی بەپەلە و بێ مەرجی "زارا محەممەدی" لە گرتنگە کرا

11:50 - 29 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: بۆ پشتیوانی لە ئەندامێکی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، داواکارییەک ئامادە کراوە.

بۆ پشتیوانی لە "زارا محەممەدی"، چالاکی مەدەنیی کورد و ئەندامی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، داواکارییەک ئامادە کراوە و واژۆکەرانی خوازیاری کۆتاییهێنان بە دەسبەسەریی نایاسایی "زارا محەممەدی" و ئازادیی بێ مەرجی ناوبراو بوون.

لەم داواکارییەدا هاتووە: "زارا محەممەدی تەنیا مامۆستایەکی زمان و ئەدەبیاتی کوردییە و چالاکییە مەدەنییەکانی ئەو دژی یاسای ئێران نییە. ئێمە واژۆکەرانی ئەم داواکارییە، ئەم شێوە هەڵسوکەوتە لەگەڵ چالاکانی مەدەنی بەتوندی مەحکووم دەکەین".

واژۆکەرانی ئەم داواکارییە، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بەنیسبەت دۆخی گشتیی "زارا محەممەدی"، ڕایانگەیاند: "بە سەرنجدان بە دۆخی جەستەیی و نەخۆشیی تەمەڵیی ڕیخۆڵەی زارا محەممەدی و دەستپێڕانەگەیشتنی ناوبراو بە دەرمانەکانی، لەبارەی دۆخی تەندروستیی زارا نیگەرانین و بەرپرسانی پەیوەندیدار بە بەرپرسی پاراستنی گیان و تەندروستیی زارا محەممەدی دەزانین".

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی خەرمانان، "زارا محەممەدی"، چالاکی مەدەنیی دەسبەسەرکراو، بێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی، بۆ دادگای ئینقلابی شاری سنە برا.

"زارا محەممەدی"، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین" و مامۆستای زمانی کوردی لە سنە، لە ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردانەوە بە هۆکارگەلی ناڕوون، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە.

هەر لە کاتی دەسبەسەریی "زارا"وە تا ئێستا، ناوبراو لە گرتنی پارێزەری سەربەخۆ بێبەری بووە. هەروەها هێشتا تۆمەتی وەپاڵنراوی پێ ڕانەگەیەندراوە و چارەنووسی ناڕوونە.