دامەزراوەی زاگرۆس ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

14:14 - 8 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: دامەزراوەی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی زاگرۆس لە شاری سنەدا، سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی \"زارا محەمەدی\"، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە، ٨ی جۆزەردان، دامەزراوەی زاگرۆس، سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی \"زارا محەمەدی\"، ڕاگەیەندراوێکیان دەر کرد و خوازیاری ئازادیی خێرای ئەم چالاکە مەدەنییە بوون.

دەقی ئەم ڕاگەیەندراوە، بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی دامەزراوەی زاگرۆس، سەبارەت بە گیراوانی ئەم دواییانەی چالاکانی مەدەنی


کۆمەڵگا بە چالاکانی مەدەنییەوە پێشدەکەوێت. ئەگەر دڵسۆزانی نیشتمان نەبن، ئەوا کۆمەڵگا بەرەو هەڵدێری نەمان دەڕوات. کەوابوو هەموومان لە هەمبەر دڵسۆزانی خۆمانەوە بەرپرسیارین و بێدەنگی لە مەڕ ئەوان تاوانێکی قورسە.

هەروا کە دیارە ڕەوتێکی گیران و دەسبەسەرکردن و گوشار لەسەر چالاکانی دڵسۆزی مەدەنی دەستی پێکردووە و وا دەردەکەوێت کە کۆتایی نایەت و دەبێت چاوەڕوانی درێژەی ئەم هەڵمەتە ببین. ساڵێک لەمەو پێش ٦ کەس لە ئەندامانی دامەزراوەی زاگرۆس بەبێ هۆ و تەنیا لەسەر گومانی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز گیران و هەر کامەیان چەند ڕۆژ ون بوون. دوابەدوای ئەوە، ٣ مانگ لەمەو پێش هەمدیسان چەند ئەندامی ترمان بە هۆکار و گومانگەلی ناڕوون گیران و زەخت و گوشارێکی زۆر لەسەرمان دروست بوو.

لەم دواییانەشدا، چەند چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەریوانیش بە هۆکارگەلی نادیار دەسبەسەر و چارەنووسیان ناڕوون بووەوە. هەروەها چەند ڕۆژ لەمەو پێش، چەند چالاکی دڵسۆزی ئەنجومەنی \"نۆژینـ\"ی سنەش تووشی کێشە بوون و قۆڵبەست کران کە زیاتر لە جاران زەنگی مەترسیی بۆ کۆمەڵگای لەراندەوە. ئەمە ئاراستەیەکی مەترسیدارە بۆ کۆمەڵگاکەمان و ئەگەر بێدەنگ بین، بەرەو ئاقاری خراپتریش دەڕوات. بۆیە ئێمە وەکوو دامەزراوەی زاگرۆس، وەکوو ئەرکی نەتەوەیی و دروشمی ستراتژیکمان، خاوەنداریەتی دەکەین لە کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان و پاڵپشتیی خۆمان بۆ هاوڕێیانی ئەنجومەنی نۆژین و بنکە مەدەنییەکانی مەریوان دەردەبڕین و گیرانی هەموو چالاکانی مەدەنی بە هەر هۆکارێکەوە ئیدانە دەکەین. داوا لە خەڵک دەکەین کە لە هەمبەر ئەم دۆسیە بێدەنگ نەبن و هەروەهاش داوا لە بەرپرسانی ئەمنیی وڵات دەکەین کە هەرچی زووترە ئەو چالاکانە ئازاد بکرێت و کۆتایی بە گوشار بۆ سەر دڵسۆزانی نیشتمان بهێنرێت، چون درێژەی ئەم ڕەوتە ئاکامێکی باشی نابێت.

دامەزراوەی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی زاگرۆس
٨ی جۆزەردانی ٢٧١٩ی کوردی