داعشی شیعە لەخۆشەویستی زەینەب تا پاراستنی یەزید!

15:34 - 18 جۆزەردان 2715
Unknown Author
عارف شێخ ئەحمەدی

لەم چەند ڕژۆەی دواییدا رێژیمی کۆماری ئیسلامی و دام و دەزگای ڕاگەیاندنی شیعەی ویلایەتی بە ڕابەرایەتی عەلی خامنەیی دەستیان داوەتە پڕوپاگەندە بۆ ھەڵخەڵەتاندنی ئەو بیانی و ئەفغانیانەی کە خاوەن باوەڕی شیعەن و زۆربەیان لە نەتەوەی \"ھەزارە\"ن لەمەڕ چوون بۆ وەڵاتی سووریە و شەڕکردن دەگەڵ ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وەڵاتە و بۆ پشتیوانی لە ڕێژیمی پڕووکاو و دۆڕاوی بەشار ئەسەد.

لێرەدا باسی چەند و چۆنی ناردنی ئەم ھێزە و تێچووی گشتی ئەو بودجەیە دەکەین کە بە مەبەستی ساپۆرتکردنی ڕێژیمی دڕندە و دژە مرۆڤی بنەماڵەی عەلەوی ئەسەد، لە لایەن ئێرانەوە خەرج دەکرێت. کۆماری ویلایەتی فەقێ لە چەند مانگی ڕابردوودا بە پێی فەرمانێکی تایبەتی خامنەیی و بە ھەماھەنگی دەگەڵ بەرپرسانی \"سازمان زندانھا\" و سەرۆکی \"قوەی قەزاییە\" و چەند دام و دەزگای جۆراوجۆری دیکە وەخۆ کەوتن و بە دەرکردنی حوکمی لێ خۆشبوون بۆ ئەو زیندانیە ئەفغان و نەتەوانەی دیکە کە لە وەڵاتی ئێراندا بە تۆمەتی جیاواز بەند کراوون، ھەوڵدەدەن سوپایەکی پیاوکوژ و بێ بەزەیی ھەناردەی وەڵاتی سووریە بکەن.

بودجەی ئەم پیلانە:

لە پاش ئازادکردنی بڕی زیاتر لە 6 میلیارد دۆلار لە داراییە بلۆکە کراوەکانی ئێران لە لایەن وەڵاتانی ڕۆژئاوایی، ڕێژیمی ئێران بە بێ لەبەر چاوگرتنی ھەژاری و کەم داھاتی و ئەو ھەموو کێشە و گرفتانەی ڕۆژانە بەربینگی بە کۆمەڵانی خەڵکی ھەژار و دەسکورت ھەڵچنیوە، بڕی 5 میلیارد دۆلاری بە بێ بەرانبەر داوەتە ڕێژیمی بەشار ئەسەد و ھاوکاتیش خەریکی یارگیری و پتەوکردنی پشتوێنەی پاراستنی ئەم دیکتاتۆرەیە. کۆماری ویلایەت دەیھەوێت بە دروستکردنی سوپایەکی تێکەڵە لە ھەموو نەتەوەکانی جیھان و ھاوکات خاوەن ھزر و باوەڕ بە مەزھەبی شیعەی ویلایەتی، تێدەکۆشێت بە ھەر نرخێک بێت پێش لە ڕووخان و تێكچوونی ڕێژیمی بەعسی سووریە بگرێت. لە ئێستادا بۆ ھەر کەسێکی بیانی کە خۆبەخشانە حازر بێت بچێتە سووریە، مانگانە بڕی ٧٠٠دۆلار سەرف دەکات و بونیاتی شەھیدی کۆماری ئیسلامیش بەڵێنی داوە ژیانی بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە سووریە دەکوژرێن دابین بکات و وەک \"شەھیدی ئیسلام لە دژی کوفر\" دابندرێن و حیسابیان بۆ بکرێت.

داعشی شیعە لە سووریە لە کێ پێک ھاتوون:

١-چەکدارانی \"ھەزارە\":

نەتەوەی \"ھەزارە\" کە زۆرتر لە ناوەڕاستی وەڵاتی ئەفغانستان دەژین و بە پێی زۆر سەرچاوەی مێژوویی چۆنیەتی ھاتنیان بۆ ئەم وەڵاتە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ھێرشی تاتار و مەغۆل، ھەر بەو ھۆیەشەوە زۆرتر لە ئەفغانستان وەک بیانی چاویان لێ دەکرێت. ئەم نەتەوەیە کە بە زاراوەی تایبەتی خۆیان واتە \"ھەزارەکی\" قسە دەکەن، لە سەردەمی حاکمیەتی \"ئیلخانان\"ی مەغۆل دەبنە باوەڕمەند بە مەزھەبی شیعە و ھەر بۆیەش ئەوندەی دیکە لە لایەن زۆربەی خەڵکی ئەفغانستان و بە تایبەتی نەتەوەی \"پەشتوو\" سوننی مەزھەب ھێرشیان دەکرێتە سەر و دواتر ژومارەیەکی بەرچاویان لە ویلایەتی \"بەلووچستان\"ی وەڵاتی پاکستان و بە تایبەت لە شاری \"کوەیتە\" دەگیرسێنەوە.

دوابەدوای کاولکاری وەڵاتی ئەفغانستان و کۆچی زۆربەی نەتەوەکانی ئەفغانستان بۆ وەڵاتانی دەوروبەر، نەتەوەی \"ھەزارە\" زۆربەیان ڕوو دەکەنە ئێران.

بە ھاتنە سەرکاری رێژیمی ئاخوندی، بە ھۆی ئەوەی لە کۆماری ویلایەتدا مەزھەبی شیعە بناخەی ڕێژیمی ویلایەتی فەقێ لە سەر دامەزراوە، گرنگی زۆر دەداتە ئەم مەزھەبە وەک بنیاتی سیاسی و حوکمڕانی خۆی، لە شاری \"مەشھەد\" و دەورووبەری ئاوارە ھەزارەکان جێگیر دەکرێن و بە ھۆی خاوەنداریەتی لە مەزھەبی شیعە زۆر مافی زیاتر لە خەڵکانی دیکەی ئەفغانی وەردەگرن. لە کاتی شەڕی 8 ساڵەی ئێران و عێڕاق، کۆماری ویلایەت گەنجانی شیعە مەزھەبی ئەفغانی بە دروشمی مەزھەبی شیعە و ھاوکات پێدانی ئیمتیازی جۆراوجۆر دەکێشێتە بەرەکانی شەڕ و دواتریش زۆربەیان پلە و پایەی سەربازی بەرچاو لە سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات وەر دەگرن.

لە جوڵانەوەکانی ١٨ پووشپەڕی ١٣٧٨ ھەتاوی خوێندکارانی زانستگای تاران، دەرکەوەت زۆربەی ئەو کەسانەی لە ژێر ناوی \"ھێزی ئینتزامی\"دا ئازار و ئەزیەتی خۆپێشاندەرانیان دەکرد، لە نەتەوەی \"ھەزارە\"ی شیعە بوون و ڕێژیم لە کاتی پێویستدا وەک گۆپاڵ و داردەستی خۆی بە کاری دەهێنان.

بەشێکی دیکە لە گەنجانی نەتەوەی هەزارە لە ئێراندا بە پێچەوانەوەی هاوەڵاتیانی دیکەی ئاوارەی ئەفغان، لە بارودۆخێکی زۆر نالەباری ئابووریدا بوون و لە پاش هاتنە سەرکاری کابینەی \"مەحموودی ئەحمەدی نەژاد\"، تووشی کارەساتی ناخۆش بوون، ڕۆژ نەبوو لە شارە گەورەکانی ئێران بڕ و بیانوو بە بەشێکی زۆر لە هاوەڵاتیانی ئەفغانی نەگرن و بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر و ئەوەی کە ئەفغانیەکان مەترسین بۆ سەر خەڵکی ئێران بێ ڕێزیان پێ نەکرێت و دەستگیر نەکرێن.

هەر بۆیەش زیندانەکانی \"قزل حەسار\" و \"ڕەجایی شار\" و \"ئەوین\" و زیندانی مەشهەد و...هتد، پڕاوپڕ بوون لەو ئەفغانیانەی بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و دەست درێژیی سکسی بۆ سەر منداڵان و تۆمەتی دیکە حوکم درابوون.

ھەر بۆیە لە ئێستادا ئەم بەشەش کەوتوونە بە لێبوردنی تایبەتی ڕێبەری و دەنێردرێنە شەڕی سووریە.

٢- چەکدارانی \"حیزبوڵڵای لوبنان\" :

لە دەسپێکی سەرهەڵدانەکانی خەڵکی سووریە لە دژی بنەماڵەی ئەسەد و ڕێژیمی دیکتاتۆری ئەو وەڵاتە، وەڵاتانی عەرەبی کەنداو و تورکیە هاوپشتی خۆیان بۆ درووست بوونی \"سوپای ئازاد\"ی دژبەری بەشار ئەسەد دەربڕی و رێژیمی سووریە هاواری بۆ ئاخوندەکان ئێران بەرز کردەوە. کۆماری ئیسلامی سەرەتا تەنیا بە هاوکاری ماڵی و پڕوپاگەندەی سیاسی ڕێژیمی سووریەی ساپۆرت دەکرد، دوابەدوای لاوازی \"سوپای ئازادی\"سووریە و سەرهەڵدانی تاقم و گرووپی جیهادی توندئاژۆ وەک \"بەرەی نووسرە\" و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام\"داعش\" و ژومارەیەکی دیکەش دار و دەستەی جیهادی و تەکفیری، کۆماری ئیسلامی بە پەلە پڕووسکە پاڵی بە \"حیزبوڵڵای لوبنان\"وە نا بۆ چوون بۆ سووریە و شەڕ لە دژی گرووپە سوننیەکان و ھاوکاتیش لە ژێر ناوی کاروانی زیارەتی لە ئێرانەوە بۆ سووریە فەرماندەی پلە بەرزی سەربازی و شارەزا لە بورای شەڕدا ڕەوانەی ئەم وەڵاتە دەکرد.

٣- گرووپە شیعە توندئاژۆکان لە عێڕاق،(حەشدی شعبی، کەتائیبی حیزبوڵڵا، عەسائیبی ئەھلی حەق، جیشی مێھدی...ھتد ):

لە ڕێگای دەوڵەتی ئەو کاتی \"نووری ئەلمالکی\" لە عێراقەوە چەندین دەستە و تاقمی تیرۆریستی شێعەی عێڕاقی گەیشتنە سووریە و \"قاسم سولەیمانی\" وەک بەرپرسی سوپای قودس، ڕاستەوخۆ لە داڕشتنی پلان و پیلان لە دژی ئۆپۆزسیۆنی سووریە و گرووپە جیهادییەکان هاتە مەیدان.

کاتێک گرووپی داعش لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا ڕیکلامی بۆ \"جیهاد\" لە پێناو خودا دا دەکرد و توانی لەم ڕێگەیەوە لە زۆربەی وەڵاتانی جیهانەوە بانگهێشتی جیهادییەکان بکات و هاوکات هێزێکی زۆر و تۆکمە ڕێک بخات و پێش بە پێشڕەوی زۆربەی گرووپەکانی دیکە بگرێت و زیاتر لە نیوەی سووریە و عێڕاق کۆنتڕۆل بکات، ڕێبەرانی کۆماری ویلایەتیش لە مێژ بوو بە بیانووی هەناردە کردنی \"انقلاب اسلامی\" لە وەڵاتانی ڕەش و ڕووتی جیهان هەوڵیان دەدا بۆ ڕۆژی تەنگانەی خۆیان هێز و سوپایەکی تایبەت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی \"جهان تشییع\" لە شێوازی داعشی شیعەدا ڕێک بخەن.

چوارچێوەی تاکتیکی تێکەڵەی داعش و بەهرەمەندی ئەم گرووپە تیرۆریستە لە هزر و بیری جیهادییەکانی \"تورکستانی چین\"(ئۆیغۆرستان)\" و چیچان و ئەڵبان و عەڕەب و هاوکات کۆکردنەوەی ئەو گەنجانەی لە وەڵاتانی ڕۆژئاوادا تووشی شۆکی \"مۆدێرنیسم\" بوون و چارەسەری کێشە جیهانیەکان و دواڕۆژی دونیای ئیسلامیان لە \"جیهاد\" دا دەدیتەوە، وایکرد گرووپی داعش لە زۆربەی بەرەکانی شەڕدا سەر بکەوێت و دەسکەوتی گەورە بۆ خۆی تۆمار بکات. هەر بۆیەش کاربەدەستانی سەربازی ئێران ئەم بیرۆکەیەی گرووپی داعشیان بۆ درووستکردنی سوپایەک کە پێکهاتەکەی لەو کەسانە بێت کە باوەڕمەندی تەواون بە مەزهەبی شیعە و حازرن بۆ وەدیهاتنی خەونی لە مێژینەی درووستبوونی \"دەوڵەتی ئیمامی زەمان\" خۆیان بە ئاو و ئاگردا بدەن و شەهید بن، زۆر بە زوویی دەست پێ کرد.

لەم ڕۆژانەدا کۆماری ئیسلامی بە دەرکردنی حوکمی بەپەلەی لێ خۆشبوون بۆ ئەو کەسە بیانیانەی لە ئێراندا بە تۆمەتی جۆراوجۆر حوکم درابوون و شیعە مەزهەب بوون، لە بەرانبەر چوونیان بۆ سووریە و شەڕ دەگەڵ دژبەرانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد، ڕۆژانە لە ڕێگای سەیر و سەمەرەوە و بە کاروانی جۆراوجۆر، کەسانی یاغی و بکوژ بۆ شەڕ ڕەوانەی سووریە دەکات، کۆماری ویلایەت بە وتەی چەند کەسێکی خۆبەخش کە لەو تیمانەی ئێراندا بوون و دواتر لە سووریە لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی سووریە و \"جیش العمر\"وە دەستگیر کراون، تەنیا پارەی مانگانەیان بۆ دیاری کراوە وەک حەق دەستی شەڕ کردنیان و هاوکاتیش لە ژێر پەروەردەی فەرماندە پاسدارە ئێرانیەکانیاندا لە سووریە ڕاهێنانیان بۆ کراوە و دواتریش گرووپی تیرۆریستی \"حیزبوڵڵای لوبنان\" کەوتۆتە پێشیان و بەرەو بەرەکانی شەڕی بردوون.

لە کۆتایدا دەبێ ئەم پرسیارە بکەین کە چۆن لە سەرەتادا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پاسدار و پیاوکوژی لە ژێر ناوی کاروانی زیارەتیدا ڕەوانەی سووریە دەکرد و دواتر دەرکەوت لە جیاتی زیارەتی شوێنە پیرۆزەکانی مەزهەبی شیعە و لەوانە \"مەزاری زەینەب\" و \"راس الحسین\"، دەرچوو ئەمانە مەبەستیان نوێکردنەوەی پەیمان دەگەڵ \"یەزید\"ی سووریە واتە ڕێژیمی بەشار ئەسەدە و لە مەڕ پاراستنی پەل و پۆکانی جیهانی شیعە بە ڕێبەری ئاخوندەکانی قوم بووە، نەک مەبەستی خۆشەویستی بۆ ئەهلی بەیت.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە