دادگاییکردنی سێ چالاکی کرێکاری لە لقی چوار دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە بەڕیوەچوو

14:52 - 7 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: دادگاییکردنی سێ چالاکی کرێکاری لە لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە بەرێوەچوو و ئەو سێ چالاکە بە توندی تۆمەتەوەپاڵدراوەکانیان ڕەت کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەشەممە، دادگاییکردنی سێ چالاکی کرێکاری بە ناوەکانی \"ئارمین شەریفە، جەمیل شەهابی و یەدووڵا سەمەدی\" لە لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە بەڕێوەچوو.

یەدووڵا سەمەدی سەبارەت بە دادگایی کردنی خۆیان لە فەیسبووک شەخسی خۆی نووسیوویەتی :\"دادوەری دۆسیەکە سەرەتا تۆمەتە دیاری کراوەکانی بە ڕیز، ئارمین شەریفە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخراوە نایاساییەکان، جەمیل شەهابی و یەدووڵا سەمەدی بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام و ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران ڕاگەیاند\".

ئەو چالاکە کرێکارییە ڕایگەیاندووە کە ئەواون وێرای ڕەت کردنی تۆمەتە دیاری کراوەکان، ئەو تۆمەتانە بە \"ناڕاستی\" دەزانن و ئەو تۆمەتانە بە شێوەیەکی جیددی مەحکووم و ڕەت دەکەنەوە.

دادگاییکردنی ئەو سێ چالاکە کرێکارییە، کاتژمێرێکی خایاندووە و دادوەری دۆسیەکە کۆتایی دادگایی کردنەکەی ڕاگەیاند.