خەڵاتی ماملێ بەخشرایە هونەرمەندێکی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان

16:03 - 27 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: وەک نەریتی ساڵانە مەڵبەندی هونەری ماملێ‌ خەڵاتی تایبەتی خۆی پیشکەش کرد؛ ئەمساڵ ئەو مەڵبەندە، خەڵاتەکەی پێشکەش بە هونەرمەندێکی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمساڵ هونەرمەندێکی کوردی خەڵکی شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ناوی \"خەلیل خەمگین\" ،خەڵاتی ماملێی لەلایەن مەڵبەندی هونەری ماملێ‌وە پێبەخشرا.

خەلیل خەمگین لە دایکبووی شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستانە و خاوەنی گۆرانیگەلێک وەک دەنگێ سازامن و ئەی ئینسانە.

پێشتر، بەپێی ڕاپۆرتێک که لە ماڵپەڕی تایبەت بە مەڵبەندی هونەریی ماملێ بڵاو ببوویەوە، بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی پێشکەش کردنی \"خەڵاتی ماملێ \"ڕایانگەیاندبوو، کە بۆ پشتیوانیی گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و بەتایبەت ناوچەی عەفرین، بۆ ساڵی ٢٠١٨، ڕێوڕەسمی پێشکەش کردنی \"خەڵاتی ماملێ \" بەڕێوە نابەین.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، سەرەڕای ئەوەیکە ئەم ڕێوڕەسمە بووەتە داب و ساڵانە لە سەروبەندی ساڵیادی کۆچی دوایی محەممەد ماملێ، لە ٣ی ڕێبەنداندا، مەڵبەندی هۆنەریی ماملێ ناوی هونەرمەندی ساڵ ئاشکرا دەکات، بەڵام ئەمساڵ بە هۆی بارودۆخێک وەک نسکۆی سیاسی، لەدەست دانی نیوەی خاکی کوردستان و دەستەنگی گەل لە باشوور، بوومەلەرزەی کرماشان، ئیلام و هەڵەبجە، هێرش بۆ سەر عەفرین و شەهید کردنی خەڵکی بێتاوانی ئەم شارە بە دەست کوردکوژان و داگیرکەرانی کوردستان ئەو ڕێوڕەسمە بەڕێوە ناچێت.

مەڵبەندی هونەریی ماملێ رێکەوتی ١٩ی رەشەممەی ١٣٨٧ی هەتاوی لە دەیەمین ساڵڤەگەری كۆچی دوایی هونەرمەند محەمەدی ماملێدا بە ئامانجی هاندان و پەرەپێدان و گەشەپێدانی هونەر لە نێو كۆمەڵگەی كوردەواری و بە شێوەیەكی فەرمی لە وڵاتی نۆروێژ دامەزرا.

ئەو مەڵبەندە کە بە فەرمی لە وڵاتی نۆروێژ تۆمار کراوە، هەتا ئیستا خەڵاتی بەم هونەرمەندانە بەخشیوە: قادر عەبدوڵڵازادە ناسراو بە \"قالە مەڕە\" لە بۆكان لە ساڵی ٢٠٠٩ و ئەندریۆس ئیسرائیل خەمۆ ناسراو بە \"باكووری\" لە ساڵی ٢٠١٠، عەباس کەمەندی ساڵی ٢٠١١، عەزیز شارۆخ ساڵی ٢٠١٢ و ناسر رەزازی ساڵی ٢٠١٣ی زایینی.