خەباتی چەکداری بوون و نەبوون

14:14 - 7 جۆزەردان 2715
Unknown Author
سوهراب کەریمی

دیارە کە کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک نایهەوێ کە دان بە مەسەلەی کورددا بنێت ئەوە ٢٠ ساڵە کە کوررد چاوەڕوانی ئەوەیە کە گوڕانکارییەکانی ناوخۆ بەرەوە ئەوە ئاقارە بچێت کە کۆماری ئیسلامی بە شێوەی تورکیا رێ بە کورد بدات کە خەباتی خۆی بە شێوەی دێموکراتیک درێژەبدات بەڵام نە تەنیا شتێکی وامان نەدیوە بەڵکوو عەلی خامنەیی لە تازەترین لێدوانی خۆی دا دەیهەوی کە مەسەلەی کورد وەک مەسەلەی شێعە و سوننی نزم بکاتەوە، بەداخەوە لە ناوخۆش هێزە ئاسایشیکانی کۆماری ئیسلامی وەها زەختێکیان خستووەتە سەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد کە خەریکە داخوازیە میللی دێموکراتییەکانی کورد ئەوندە نزم دەبێتەوە کە گەیشتووەتە ئاستێک کە بڕێک لە چالاکانی کورد ئەو داخوازیە تا ئاستێک نزمی دەکەنەوە کە ئیتر بە جۆرێک کێشەی نەتەوەیی بوونی نامێنێت. ئەمە خۆی لە بەر نەبوونی پشتیوانێکی بەهێزی کە گوتاری کورد پێویستی پێ هەیە.
 
یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە شێوەی سیستماتیک خەریکی هاوکاری ئێرانە بۆ لەناوبردنی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵات بە تایبەتی حیزبی دێموکرات، بۆیە بڕیاری حیزبی دێموکرات بۆ ناردنی پێشمەرگە بۆ قەندیل و سنوورەکانی رۆژهەڵات، بڕیارێکی عەقڵانیە، بۆ پاراستی موجودیتی حیزبی و تەشکیلاتی ئەو حیزبە. ئەمە خۆی ئەبێتە هۆی ئەوەی کە توانای رێکخراوەیی کورد لە ناو بچێت.

دیارە کە حیزبی دێموکرات هەستی بە ئەوە کردووە سیستمێک وەک کۆماری ئیسلامی کە ئیزن بە هیچ شێوە چالاکی نادات و بەردەوامە لە سەر سیاسەتی هەڵاواردن و زبر و زەنگ لە سەر کوردە، ئەگەر کورد نەتوانێت قەیران بۆ ئەو سیستمە دروست بکات واتای ئەوەیە کە کوردی رۆژهەڵات وەک لایەنکی سیاسی هەر بوونی نیە لە نێو معادلاتی ناوچەییدا. لە ماوەی دوو دەیە کە حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە بە ناچاری وازیان لە خەباتی چەکدارانە هێناوە، چ لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە چ لایەن حیزبەکانی پارچەکانی ترەوە تەحقیر کراون، پەکەکە رۆژهەڵاتی بە حەیات خەڵوەتی خۆی دەزانێت پێی وایە دوای کۆبانی ئەوە لایەنگرانی ئەوانە کە لە رۆژهەڵات یەکەم هێزن بەڵام هاوکات باش ئەزانی کە خەباتی رۆژهەڵاتی بۆ ناکرێت لە بەر ئەوە خەبات چەکداری لە دووپارچەی تریشی بۆ ناکرێت، بویە ئێستا تەنیا زەختی لە سەر رۆژئاوایە. بە هاتنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات پەکەکە باش دەزانی ئیتر جێگایەک لە رۆژهەڵات نیە و ئەڵبەت پێویستیشی بە رۆژهەڵات نیە لە بەر ئەوە ئێران بۆ پەکەکە یەکەم تەکیەگای ژئوپۆلیتیکە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست.

لە واقع دا هەبوونی هێزێکی چەکدار ئامادە لە رۆژهەڵات کە پێوەندی ئایدئولوژی و تەشکیلاتی بە پەکەکە و نەبێت لە بەرژەوەندی پەکەکەدایە یەکەم هەم بەرپرساێەتی پەکەکە کەم دەکاتەوە بە باشی ئەتوانێ لە سەر باکور و رۆژئاوا فوکوس بکات و هەمیش ئەرگەری هاوپێمانی ئێران و تورکیە دژی ئەو حیزبە بۆ هەمیشە بن بڕ دەبێ. هەروها ئەوە ئەرکێکی نەتەوەیە کە پەکەکە ئەبی دان بەلایەنەکانی تردا بنێت. بویە بچوکترین خەتای پەکەکە ئەبێتە گەورەترین شکستی لە ناو بیرو ڕای گشتیدا ئەگەری هەر جۆرە کیشەێکی لە داهاتودا بۆ پەکەکە چاوەڕوان دەکرێت .

زۆربەی هەرە زۆری لایەنگرانی پەکەکە لە رۆژهەڵات لە بەر ناچاری لایەنگری لە پەکەکە ئەکەن واتە لە دانیشتینی حیزبەکانی رۆژهەڵات و نەبوونی جموجۆڵی بەرچاو ئەوانی ناچار کرد پشت بە پەکەکە ببستن.

لاینگرانی پەکەکە لە رۆژهەڵات ئەبێ لە واقعیتی مەسەلەکە تێبگن کە پەکەکە هیچکات ناتوانێت وەک لاینێک لە رۆژهەڵاتدا رۆڵی کاریگەری هەبێت. مەگەر ئەوە کە ئەوە لاینگرانی پەکەکە خۆیان خاوەن بڕیاری سەربەخۆ بن کە دیارە بێ پەکەکە ناتوانن خۆیان بە خاون بکەن بۆیە ئەمە خەیاڵێکی خاوە کە ئەوان بتوانن جگە لە پروپاگەندە بۆ پەکەکە شتێکی تر لە دەستیان بێت. دیارە چاوەڕوانی ئەوە ئەکریت کە لە داهاتوودا ئەم لاینگرانە خۆیان لەم پارادوکسە دەرباز بکەن. 
دیارە کە بریارەکەی حیزبی دێموکرات بڕیارێکی عقلانی و ژیرانەی بۆ دەربازکردنی حیزبی دێموکرات و کوردی رۆژهەڵات لە مەترسی داڕمانی نەتەوەیە و تەشکیلاتیە.

بەڵام بۆ ئەم کارە بوێرانەیە پێویستە ستراتیژی و تاکتیکی دەقیقی بۆی دارژرا بێت.

لەئاکامداچ یەکێتی و پارتی چ پەکەکە ئەبێ لە جیاتی دروست کردنی ئاستەنگ بۆ پێشمەرگە، ئەبی ئاسانکاریش بۆ ئەو بڕیارە بکەن .

یەکێتی و پارتی ئەبێ باش بزانن لاوازی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زەختی کۆماری ئیسلامی لە سەر ئەوان کەم ناکاتەوە تەنانەت ئەبێتە هۆی ئاڵوزی زیاتر لە نێوان هەولێر و بەغدا لە لایەکەوە و یەکێتی و پارتی لەلاێکی ترەوە، دیارە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی یەک ساڵێ ڕابردودا توانی بە دەست تێوەردان لە ناو عێراق و کوردستاندا گەورەترین قازانج بکات و زۆرتر خەسار لە کوردی باشور بدات.

بۆیە حوزووری هێزەکانی حیزبی دێموکرات لە سەر شاخەکانی کوردستان ئەبێتە هۆی حوزووری کوردی رۆژهەڵات لە ناو معادلاتی ناوچەکەدا واتە ئەبێتە ئامرازێکی زەخت لە سەر ئێران و پاشەکشەی رۆڵی ئێران لە ناوچەکە برجەستە بوونی ڕۆڵی کورد لە ناو ئەم معادلاتە لە خۆیدا لە راستای بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد دایە و پێویستە پاشەکشەی رۆڵی ئێران بە هەمان ئەندازە رۆڵی کورد برجەستە ئەکاتەوە هەموو لایەن و تاکی کورد لە ئەو بڕیارەی حیزبی دێموکرات پشتگیری بکەن و بۆ باشتر بەرەوپێشچوونی ئەوە هەنگاوە بویەرانەیە حیزبی دێموکرات هەموو تواناکانیان بەکار بێنن.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە