خۆکوژیی ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵ و لاوێکی تەمەن ٢٥ ساڵ لە مەریوان و مێهران +ئامار

14:22 - 15 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: ئاماری خۆکوژیی هاووڵاتییان لەناوچە کوردنشینەکانی رۆژ لەدوای رۆژ روو لە زیاد بوون دەکات و لەو پەیوەندییەدا ژنێکی بەساڵاچوو لە شاری مەریوان و کوڕێکی تەمەن ٢٥ ساڵ لە شاری مێهرانی سەربە ئوستانی ئیلام کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٤ی بەفرانبار ژێکی تەمەن ٦٠ ساڵ بەناوی \"رەزیە\" و خەڵکی گوندی \"کەڕاوا\"ی سەربە شاری مەریوان بەهۆی ئەوە کە تووشی کوێڕی و ناهومێدی هاتبوو، هەوڵی خۆکوژی داو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

دەگوترێت ئەو ژنە بەساڵاچووە کە ٤ منداڵ و مێردیشی هەبووە، بەهۆی هیوابڕاوی لەژیان، لەرێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی شەممە رێکەوتی ١٤ی بەفرانبار لاوێکی تەمەن ٢٥ ساڵەی کورد بەناوی عەبدوڵڵا حوسێنی‌نژاد، خەڵکی گوندی \"چاڵاو\"ی سەربە شاری مێهران لە ئوستانی ئیلام بەهۆی هەژاری و دەستکورتییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

\"17696.jpg\"
دەگوترێت ئەو لاوە کوردە، کە بەهۆی بێکارییەوە لەوپەڕی هەژاری و بێ دەرەتانیدا بووە، بەزەبری چەک هەوڵی خۆکوژیی داوە و لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ٣ مانگی پاییزی ئەمساڵدا ١٧ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کۆتایین بەژیانی خۆیان هێناوە و ئەوەش لە حالێک دایە، کە لە ماوەی سێ مانگی پاییزی ساڵی رابردوودا سەرجەم ٩ ژن و کچی کورد کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

هەروەها لە ماوەی سێ مانگی پاییزی ئەمساڵدا سەرجەم ١٦ پیاو لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆکاری جۆراوجۆر کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە، کە بە بەراورد لەگەڵ سێ مانگی پاییزی ساڵی رابردوو ٨ حاڵەت زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە.

بوونی ئەم ئامارە لەحاڵێک دایە، کە لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگی رابردوودا ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێران بە ماڵپەڕە ناوچەییەکانیان راگەیاندووە؛ کە بە هیچ شێوەیەک هەواڵی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد رووماڵ نەکەن و ئەمەش وا دەکات زۆربەی حاڵەتەکانی خۆکوژیی هاووڵاتییان بە شاراوەیی بمێنێتەوە.