خۆکوژیی ٤ ژن و کچ لە شاری ماکۆ

16:45 - 21 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: لە شاری ماکۆ ٤ ژن و کچی کورد کە تەمەنیان لە نێوان ١٨ هەتا ٢٠ ساڵ دایە، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە دەستیان دایە خۆکوژی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پیش ئێستا کچێک بەناسناوی \"عەلەم هوولی\" کچی حەسەن، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و پاش گەیشتن بە نەخۆشخانەی شاری ماکۆ بەهۆی کاریگەریی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەێاند: ئەو ژنە تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی \"قزڵ ئارخ\"ی سەربە شاری ماکۆ بووە کە ماوەیەک پیش ئێستا بەشێوەی زۆرەملی بە شوو درابوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا رۆژی شەممە ریکەوتی ١٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ ژنێکی دیکە بەناوی \"شاناز هادیان\" تەمەن ١٨ ساڵ و کچی مەجید، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و ٦٠%ی لەشی تووشی سووتان بووە و باری تەندروستی ناوبراو ناجێگیر راگەیاندراوە.

ئەو کچە خەڵکی گوندی \"کش ئارخی\" سەربە شاری \"شووت\" بووە و ماوەی ٧ مانگ پێش ئێستا ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی هەینی رێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵ کچێک بەناوی \"چیمەن ئەمویی\" تەمەن ١٨ ساڵ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و پاش راگواستن بۆ نەخۆشخانە بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

هەروەها رۆژی ٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵ کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵ، کچی \" بەکر رەسووڵی\"، خۆی خستوەتە نێو چۆمی \"قەرەسوو\" و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە تەرمی ئەو کچە کوردەی خەڵکی گوندی \"پەنجەرلوو\"ی سەربە شاری ماکۆ، نەدۆزراوەتەوە.