خۆکوژیی سەربازێک و دوو هاووڵاتی لە کوردستاندا

13:34 - 4 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی خۆکوژیی هاووڵاتییانی کورد، لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، سەبازێک و دوو هاووڵاتیی دیکە دەستیان دایە خۆکوژی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: ڕۆژی شەممە ٣ی سەرماوەز، سەبازێکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، بە هۆکارێکی نادیار دەستی دایە بە خۆکوژی و هەنووکە لە نەخۆشخانەی ئەو شارە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

شوناسی ئەو سەربازە کوردە، بە ناوی \"ئیحسان نەجاڕ\" خەڵکی گوندی \"خوڕخوڕە\" سەر بە شاری مەهاباد ڕاگەیاندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ئەو سەبازە مەهابادییە بە چەکی \"کڵاشینکۆف\" هەوڵی خۆکوژی داوە.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی ڕابردوو، لاوێکی دیکە خەڵکی شاری بۆکان بە هۆکاری نادیار لە پارکی میللەتی ئەو شارە دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناسی ئەو لاوە کوردە، بە ناوی \"ئەنوەر. ن\" تەمەن ٢٨ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری خۆکوژی ئەو هاووڵاتییە بۆکانییەش نەزانراوە.

لەو پیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەزەڵووەر، ژنێکی دیکەی هاووڵاتیی کورد، بە ناوی \"نەرمین سەمەدی\"، کچی عوسمان، خەڵکی شاری بۆکان بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی لەگەڵ مێردەکەی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.