خۆکوژیی دوو ژنە هاووڵاتیی دیکەی کورد لە شارەکانی سونقور و ساین‌قەڵا

15:43 - 18 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی ڕەوتی خۆکوژییەکان و بەرزبوونەوەی خۆکوژییەکان لە شارەکانی کوردستان، دوو ژنە هاووڵاتیی کورد، بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە هانایان بۆ خۆکوژی برد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی بانەمەڕ، ژنێکی تەمەن ٣٣ ساڵ بە ناوی \"مریەم ئەحمەدپوور\"، خەڵکی شاری سونقور و کولیایی، بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

دەوترێت ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە، دایکی ٣ منداڵ بووە و لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە، ١٤ی بانەمەڕ، ژنە هاووڵاتییەکی دیکەی کورد، خەڵکی شاری ساین‌قەڵا، بە ناوی \"فەریدە نەسیری\" تەمەن ٤٨ ساڵ، بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

دەوترێت ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە، پێش لە خۆکوژییەکەی، کفنەکەی، سابوون، عەتر و هەروەها چەندین شتومەکی دیکەی کەسیی خۆی، لە شوێنی خۆکوژییەکەی، دانابوو.

ئێران لە ڕووی ڕێژەی خۆکوژییەوە لە چاو وڵاتانێکی فرەحەشیمەت وەک چین و هیندوستان زۆرترین ڕێژی خۆکوژی تێدا ڕوو دەدات و لەو نێوانەشدا، پارێزگاکانی کوردستان وەک ئیلام ، سنە و کرماشان لە چاو پارێزگاکانی دیکەی ئێرانەوە پلەی یەکەمیان لە ڕێژەی خۆکوژی لە نێو هاووڵاتییاندا تۆمار کردووە و تەنانەت پارێزگایەک وەکوو ئیلام بە پارێزگای خۆکوژەکان ناسراوە.