خۆبەڕێوەبەری دێموکراتیک یان نابەڕێوەبەری نادێموکراتیک؟

14:07 - 26 پووشپەڕ 2718
Unknown Author
هەڵگورد ڕۆژهەڵاتی

بێ گومان دیزاینی داهاتوو و دانانی نەخشەڕێگای چارەسەری پرسەکان یەکێک لە ئەرکی حیزبەکانه. هەر حیزبێکیش بە باکگڕاوەندە ئیدۆلۆژی و فیکریەکەی خۆی ئەو نەخشەڕێگا یا بەرنامانە دادەڕێژێت. ئەوەی حیزبێکی سوسیالیست، سوسیالیزم بۆ داهاتووی کۆمەڵگا بە چارەسەر دەزانێ و ئەوەی حیزبێکی دیکە شتێکی دیکە بە باش دەزانێ لەوەوە سەرچاوە دەگرێت.

هەر چەند لە نێو کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەندێک جار بابەتی ئاڵۆز و ناڕوون لە ئیدۆلۆژیەکانی حیزبەکان دەبینرێت کە بە مەبەستی تایبەت دەکرێت. بۆ نمونە حیزب هەیە مارکسیەتی تێکەڵ بە شیعەگەری کردوە بە ناوی شۆڕشی ئیدۆلۆژیک دەرخواردی لایەنگرانی خۆیان دەدەن. یا حیزبێکی چەپی مارکسیستی بە ماوەیەکی زۆر کورت لە ڕادیکاڵ چەپ و ئەنترناسیوناڵەوە بۆ ناسیونالیستێکی تۆخ یا لیبڕاڵێکی دێموکراسی خواز دەگۆڕدرێت.

ئەو ئاڵۆزیە وێڕای ئەوەی هەندێک جار بە ئەنقەست دەکرێت تەنانەت دەتوانێ ببێ بە بابەتێکی مەترسیدار بۆ کۆمەڵگا، مەترسیدار لەو ڕوانگەیەوە کە هەندێک جار ئیدۆلۆژیەکان بە ناو و پێشخانێکی جوان بەڵام بە نێوەڕۆکێکی کرچ و کاڵ بە مەبەستی دەست بە سەرداگرتنی کۆمەڵگا پێشنیار دەکرێن.

لەو ڕۆژانە پڕۆژەی لقێکی پەکەکە بۆ ڕۆژهەڵات بە ناوی کۆنفیدراڵیزمی دێموکراتیک ڕاگەینرا کە جێگای هەڵوێستە لە سەر گرتنە، ئەویش بە مەبەستی نیشان دانی ئەو ئاڵۆزیەو و پشێویەی کە لە بەرنامەکە دا هەیە تا مەبەستی کەسانی پشت بەرنامە لە نێوڕۆکێکی وا کرچ و کاڵ باشتر دەربکەوێت.

ئەو پڕۆژەیە لە چەند ڕوەوە دەکرێ ڕەخنەی لە سەر بێت. یەکەم بۆچی لە کاتێکی وەها دا کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوخۆ دا چالاکیەکی زۆری هەیە و لە لایەن خەڵکەوە پێشوازی لێدەکرێت. دەبی پرۆژەیەک پێشنیار بکرێت کە ئەسلی خەباتی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامیەوە ڕەت بکاتەوە پێی وابێ کە ئەگەر شەر لە کوردستان ڕوودەدات نەک سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بۆ داگیرکاریە بەڵکو پیلانی دونیایی سەرمایەداری و کۆماری ئیسلامیە؟ ئایا ئەوە بەجۆریک هێنانە ژێر پرسیاری خەباتی پێشمەرگە نیە بە هەمان فەلسەفەی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی نیشان بدات پێشمەرگە شەڕخوازەوە خرابیەکانی شەڕیش لە ئەستۆی پێشمەرگەن؟

دووەم کۆنفیدرالیزمی دێموکراتیک کە بۆ نەتەوەکانی ئیران پێشنیار دەکات بە بیانوی ئەوەی کاتی دەوڵەت نەتەوە بە سەرچوە یا فیدراڵیزم ناتوانێت کێشەی گەلان چارەسەر بکات شەڕ دروست دەکات، بە تایبەتی لە گفتگۆکانی بەرپرسانی پەژاک شاری ورمێ بە نمونە دەهێنرێتەوە کە لەوێ دا فیدراڵیسم شەڕ دروست دەکات.

سەرەتا دەبێ بڵیم خودی کۆنفیدراڵ وەکە سیستمێک بۆ یەکگرتنی چەندین دەوڵات دێت کە خاوەنی سەروەری خۆیانن بەڵام بە مەبەستی هاوکاری بازرگانی دیپلۆماسی یا هتد لە سەر بابەتی هاوبەش ڕێکدەکەون سەرەوەی یاسایی و سەربەخۆی بۆ هەر وڵاتیک دەمێنتەوە لە زانستی سیاسەت شرۆڤەی بۆ دەکرێت. هەوڵی دانانی کۆنفیدراڵ بۆ وڵاتیکی فرە نەتەوە کە هەموو نەتەوەکانی بێ دەوڵەتن چەندی لە گەڵ ڕاستیەکانی سیاسەت و بارۆدۆخی نەتەوەکان لە ئێرانی دیکتاتۆر دا دێتەوە داوەریەکەی بۆ ویژدانی ئازادی خوێنەران بە چی دێڵێم.

دێموکراتیک بەو مانایەوە کە دەبێ بنەماکانی دێموکراسی تێدا هەبێت. بە دورو نزیک لە جەوهەری پرۆژەکەدا نیە. چونکە کاتێک ئەو پڕۆژەیە پاشگری دێموکراتیک بە حەق بە خۆیەوە دەگرێ کە تۆ ئازادی بۆ گەل دابین بکەی لە کۆمەڵگایەکی ئازاد دا کە گەل تییدا دەتوانێ بیرو ڕای ئازادی خۆی دەرببڕێ و ئەسلەکانی تری کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیک وەک سەربەخۆی دادوەری و دەسهەڵاتی یاسا دانان و مەوجود بن جا لە هەڵبژاردنی ئازاد و بیگەرد و دادپەروەرانە دا خەڵک ئەو سیستمە هەڵببژێرن. بەڵام تۆ بێ ئەوەی هیچ یەک لەوانە وەک بنەما قەبول بکەی یەکسەر بە خەڵک بڵێی دەبی ئەو پڕۆژەیە قەبول بکەن ئەوکات ئەوە با ناویشی دیموکراتیک بێت بەڵام ئەوپەڕی دیکتاتۆریە.

سەبارەت بەوەی کە فیدرالیسم شەر دروست دەکات دورە لە ڕاستی ئەسلەن فیدرالیسم بۆیە هاتوە تا نەتەوەکان بە هەبونی دەسهەڵات لە چوارچێوەی حکومەتی ناوچەیی دا بەشدار بن لە بەڕێوەبردنی دەوڵات و بە شداری لە دەوڵەتی ناوەندی ناوەند گەرایی نەمێنێ. ئەگەر سەیری ئەزمونی وڵاتانی دونیاش بکەین فیدرالیسم بە مانای کەلیمە چارەسەری ئەو گرفتەی کردوەو بە دەیان وڵات بەو شێوە لە ئاشتی خۆشی دا دەژین.

سەبارەت بە ئورمیە ئەوە زۆر بە مەترسیدار دەزانم کە تۆ هەبوونی ئازەری لەو شارە دا بیکەی بە بیانوو تا لە ڕاستی خاکی کوردستان چاو بپۆشرێت دابەشی بیکەی بە سەر ئەنجومەنی ئازەری و کورد دا. ڕاستە ئازەری لەوێ دا دەژین بەڵام خاکی ئورمیە و شارەکانی تری پارێزگای ئورمیە کوردستانیە. بەڵام حکومەتی کوردستانی داهاتوو دەبێ ڕەچاوی هەموو مافە دێمۆکراتیکەکانی ئازەریەکان بکات تەنانەت وەک نەتەوەیەکی زوڵم لێکراو هیچکات زۆڵم لە نەتەوە یا کەمینەیەکی دیکەی کوردستان تا سەر ئێسقان ڕەت دەکەمەوە. تەنانەت لە چوارجێوەی حکومەتی فیدڕالی کوردستان ئازەریەکانی ئورمیە وەکو تورکەمەنەکانی هەولێر لە ئاشتی و تەبایی و برایەتی دەژین.

بابەتی سێیەم کە دەمهەوێ باسی بکەم بابەتی خۆبەڕێوەبەری دێموکراتیک بە هەبونی ئەنجومەنی گەرەک و شارەکان. ئەم خۆبەرێوەبەریەی کە لەو پرٶژەیەدا هاتوە تەنانەت لە پێشکەوتوترین کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کە دەسهەڵاتی ناوچەیی بەه‌ێز هەیە و دەسهەڵات بەتەواوی نامەرکەزیە مومکین نیە دورە لە راستی تەنانەت لە خەیاڵیش بە دورە. بۆ؟ چونکە لەو دەڵەتانە دا کە دەسهەڵاتی ناوچەی بەهێز هەیە دیسان پەیوەندی ئەوان بە دەڵاتی ناوەندی پێناسەی بۆ کراوە دواتر لە چوارچێوەی دەوڵەتی ناوەندی مافی ئەو دەسهڵاتە ناوچەیانە پارێزراوە. ئەو پرۆژەیە داوای دەسهەڵاتێکی دێموکراتیک بۆ کورد و جوغرافیایی کورد ناکات، لە هامان کات دا دەوڵەتی ناوەندی کۆماری ئیسڵامیش ڕێگە نادات بە دەسهەڵاتیکی وا ئەگەر ئامانجەکانی وان نەپێکێت، ئەی چۆن بە دەیان بگرە سەدان ئەنجومەن کارو باری خۆیان بەڕێوە دەبەن جێگەی پرسیارە.

ئەگەر مەبەستیان خۆبەڕێوەبەری شارەکانی سوری دیاربەکر بێت ئەوا دیتمان چۆن بوە بە بیانویەک کە نەتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن، خەڵک زیاتر ئاوارە بکەن و بکوژرێن دواتر بە جورێک خەڵکەکە پەنا ببات بۆ دەڵاتی ناوەندی هەر وەکو لە هەڵبژاردنی دوایی تورکیە دیتمان لایەنگەران و دامەزرێنەرانی خۆ بەڕێوەبەری دێموکراتیک نیوەی ئاکەپە لە کوردستان دەنگ بهینن.

ئەگەر مەبەستیان ئەزمونی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا بێت ئەوا دۆخی ئەوانیش لە بەر چاوە پێویست بەشیکردنەوەی زیاتر ناکات.

تەنانەت ئەگەر دۆخی گوندنشینانی دەور و بەری قەندیل و زاخۆ بە نمونە وەرگرین دیسان بۆمان دەردەکەوێت کە نەک خۆبەڕیوەبەری دێموکراتیک بەڵکو نابەڕیوەبەری نادێموکراتیکە.

لە لایەکی دیکەوە ئێوە خۆتان بە هاو ئیدۆلۆژی پەکەکە دەزانن و هەبونی کاریگەی ئەو ئیدلۆژیکە نەک ڕەت ناکەنەوە بەڵکو بە شانازیشی دەزانن، لە لایەکی دیکە پەیوەندی هاو ئیدۆلۆژیکی ئێوە لە گەڵ ئێران ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە ( ئەگەر ئەو پەیوەندیە لە سەر بەرژەوەندی نەتەوەی و دەست تێوەردان لە کارو باری کوردانی پارچەکانی تر نەبێت بە گرفت نازانم). کە واتە چۆن دەتوانن پرۆژەیەک پێشنیار بکەن کە بەرژەوەندی هاو ئیدۆلۆژیکی ئێوە ناخرێتە مەترسی و تەنانەت لێشی قەبول دەکرێت؟ یا کۆماری ئیسلامی زۆر دێموکراتیک بوەو ئیمە ئاگادار نین؟

هەر بۆیە وەکە کوردێک کە باوەڕم بە فرە حیزبی و بیری جیا هەیە ڕێز لە خەبات و تێکوشانی هەموو کوردێکیش دەگرم باوەڕم بە یەکخستنی هێزی جیاوازی کوردیش هەیە، بەڵام ناشتوانم ئەزمونی ڕەشی ڕۆژئاوا یا بابەتی دیکە کە ڕۆژهەلات بەرەو نادیارێکی دیار لە لای من دەبات بێ دەنگ بم و پڕۆژەیەکی بە ناوی جوان نێوەڕۆکێکی کاڵ و بی سود بۆ گەلەکەم ڕەخنە نەکەم. لە لایەکی دیکەوە زۆر خۆشخاڵم کە خەڵکی ڕۆژهەڵات زۆر لەوەی وشیارترن کە بە مانشێتی جوان هەڵبخەڵەتین بەلکوو ئەوان جەوهەری بابەتەکان لە بەرچاو دەگرن هەر بۆیەش بەوشێوەیە پێشمەرگە وەک جەوهەری ڕزگاریخوازی لە باوەش دەگرن.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.