خوێندکارانی زانکۆی کوردستان: سەربەخۆیی کوردستان تەنیا ڕێگای وەدیهاتنی داخوازییەکانی نەتەوەی کوردە

13:35 - 21 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: لێدوانەکانی چالاکێکی ڕێفۆرمخواز و مامۆستای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران له کۆبوونەوەی \"خوێندنەوەی کاری چل ساڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران له ناوچە کوردنشینەکان\" کاردانەوەی توندی خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە شاری سنەی بەدواوە بوو.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی سەرماوەز، سادق زیباکەلام، چالاکی ڕێفۆرمخواز و مامۆستای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران له کۆبوونەوەیەکدا له هۆڵی مەولەویی زانکۆی کوردستان، کار و چالاکیی حکوومەتی ئێرانی خستە بەر باس و تاوتوێ کردن.

ناوبراو به ئاماژه به ڕووداوەکانی کوردستان، \"دێموکراسیی وەک تەنیا ڕێگەچارە بۆ پرسی کورد لە ئێراندا\" ناو برد؛ وتوویشیەتی: به جێگیرکردنی دێموکراسی لە ئێراندا، بیری سەربەخۆییخوازی لە کوردستاندا جێگایەکی نامێنێت و هیچ قەومێک خوازیاری جیابوونەوە لە ئێران نابێ و ئەبێ بۆ ئەم مەبەستە هەوڵ بدەین.

قسەکانی زیباکەلام دژکردەوەی توندی خوێندکارانی زانکۆی کوردستانی بەدواوە بوو و ئەوان بە ڕەخنەگرتن لە قسەکانی ناوبراو \"سەربەخۆیی کوردستانیان به تەنیا ڕێگەی وەدیهاتنی خواستەکانی نەتەوەی کورد زانی\".