خوێندكارانی كورد و ئازەری خوازیاری گرینگی دان بە زمان/ كۆبوونەوەی موسیقی فارسی ناڕەزایەتیی لێكەوتەوە

15:51 - 23 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: خوێندكارانی كورد و ئازەری زانكۆی پەیامی نووری شاری ماکۆ خوازیاری گرینگی دان بە زمانی زەگمانگیان لەلایەن لێپرسراوانی حكوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە بوون.

هەواڵنیرمان(ئاژانسی كوردپا) لە زاری خوێندكارێكی كوردی زانكۆی پەیام نووری شاری ماکۆ بڵاوی كردەوە، چەند رۆژ لەمەوبەر لێپرسراوی ئەو زانكۆیە كۆبوونەوەیەكی بە مەبەستی جوانی ناسی موسیقی شێعری فارسی بەڕێوەبرد، كە لە ئەنجامدا لەگەڵ دژكردەوە و نارەزایەتی خوێندكارانی كورد و ئازەری ئەو زانكۆیە بەرەوڕوو بۆوە.

ئەو خوێندكارە كوردە لەو باوەڕەدایە بەڕێوەچوونی لەم چەشنە كۆبوونەوانە بە مەبەستی لاواز كردنی زمان و فەرهەنگی نەتەوەی كورد و ئازەرییە.

خوێندكاران داوایان لە لێپرسراوانی زانكۆی پەیام نووری شاری ماکۆ كردووە، كە زیاتر گرینگی بە فەرهەنگ و زمانی نەتەوەكانی دیكەش بدەن و لەو چەشنە كۆبوونەوانە بۆ زمانەكانی كورد و ئازەریش بەڕێوە ببن.

خوێندكارێكی دیكەی ئازەری زانكۆی پەیام نوور بە هەواڵنێرمانی راگەیاندووە، بەپێی ژمارەی دانیشتوانی شاری ماکۆ و هەروەها خوێندكارانی ناو زانكۆش، كوردەكان و ئازەرییەكان رێژەییان لە فارسەكان زورترە و پێویست ناكات زمانی ئەوان بەسەر ئێمەدا زاڵ بكرێت.