خولێکی رێنووسی زمانی کوردی، لە شاری بۆکان بە ڕێوەچوو

12:58 - 13 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: خولێکی ڕێنووسی زمانی کوردی بە بەشداری کۆمەڵێک لە فێرخوازان و هۆگرانی زمانی کوردی لە شاری بۆکان، بەڕێوەچوو.

خولێکی ڕێنووسی زمانی کوردیی لە لایەن ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان بە وانەبێژی \"ناسر ناسری\" لە ئاواییی کانێڕەشی سەر بە شاری بۆکان کۆتایی پێ هات.

ئەم خولە کە لەگەڵ پێشوازی گەرموگوڕی لاوانی ئەو گوندە بەرەوڕوو بووە و ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ۱۲ی ڕێبەندان دوای دوو مانگ کۆتایی پێ هات.

لەو خولەدا، زیاتر لە ۴۰ کەس لە لاوانی گوندی \"کانێڕەشی\" فێری خوێندنەوە و نووسینی زمانی زگماکیی خۆیان بوون.

لەو پەیوەندییەدا، بەهاری ڕابردووش خولێکی دیکەی ڕێنووس هەر لە ئاواییی کانێڕەش بەڕێوە چوو و ۱۲ کەس لە لاوان فێری زمانی زگماکی بوون.

ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان لە درێژەی چالاکی و خزمەتەکانیدا جگە لە گوندی کانێڕەش لە گوندەکانی جەمۆغە و ئاغجیوان و کۆستە خولی تایبەتی فێرکاری ڕێنووسی بە شیوەی خۆبەخشانە و خۆڕایی داناوە و خزمەت بە زمان و ئەدەبییاتی کوردی دەکات.

ئەو ناوەندە لە چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان نوێنەرایەتی چالاکی هەیە.