حەوت هاووڵاتیی کورد چاوڕێی دەرکردنی حوکم لە لایەن دادگای شاری شنۆن

13:18 - 8 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: حەوت هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شنۆ لە دادگای ئەو شارەدا دادگایی کران و چاوڕێی دەرکردنی حوکمی دادگان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندان، حەوت هاووڵاتیی کورد بە ناوی \"ئەیووب بەهرام‌نژاد\"، \"کورووش عەزیزی\"، \"کامیل ئەحمەدی\"، \"محەممەدئەمین قازی\"، \"ئەبووبەکر میناپاک\"، \"یووسف ئەحمەدی\" و \"تەیب بامرووەت\" لە دادگای شنۆ بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دادگایی کران.

ئەم حەوت هاووڵاتییە کوردە لە کەمتر لە یەک کاتژمێر دادگایی و چاوڕوانی دەرکردنی حوکمی دادگان.

ئەم حەوت هاووڵاتییە کوردە مانگی گەڵاوێژی ئەمساڵ بە تۆمەتی \" هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران\" لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرابوون و بۆ گرتنگەی ئەم ئیدارەیە لە شاری ورمێ ڕاگوێزرابوون.

ئەم حەوت هاووڵاتییە کوردە پاش تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوە بە بارمتەی قۆرس بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.