حەفتەمین ئەندامی یەكیەتیی دێمۆكراتیكی خوێندكارانی كورد دەستبەسەر كرا

12:26 - 22 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: ئەندامی پێشووی كۆمیتەی لێكۆڵینەوەی یەكیەتیی دێمۆكراتیكی خوێندكارانی كورد لەلایەن مەئموورانی دەزگای ئەمنیەتیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر كرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا: ئارمان زەمانی رۆژی هەینی رێكەوتی 20ی خەزەڵوەر لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر كرا.

هەتا ئێستا لەلایەن دەزگا ئەمنیەتی و قەزاییەكانەوە هۆكاری گیرانی ئەو چالاكە خوێندكارییە رانەگەیەنراوە.

ئارمان زەمانی ئەندامی پێشووی یەكیەیتی دێمۆكراتیكی خوێندكاران و ئەندامی پێشووی كانوونی \"هەژان\"ی زانستگای كوردستان و هەروەها دەرچووی رشتەی موهەندسیی بەرقی زانستگای كوردستانە.

ئارمان زەمانی حەفتەمین ئەندامی یەكیەتیی دێمۆكراتیكی خوێندكارانی كوردە كەلە ماوەی دوو مانگی رابردوودا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر كراوە، ئەسعەد باقری و رەحیم باجوەر دوو ئەندامی دیكەی ئەم یەكەیەتیە ئێستاش لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەرن.

مەهدی دۆعاگوو، سۆران دانشوەر، میلاد كەریمی و شێرزاد كەریمی لە ئەندامانی دیكەی دەستبەسەر كراوی ئەو یەكیەتیەن كە پێشتر لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر كرابوون و بە دانانی وەسیقە لە زیندان ئازاد كراون.