حەسەنی نوێنەری وەلی فەقێ لەورمێ دەستی لەکار کێشاوە+ وتووێژ

13:43 - 24 بەفرانبار 2713

 

ئاژانسی کوردپا: نوێنەری وەلی فەقێ لەورمێ‌و یەکێک لەنزیکانی بەیتی رێبەری لەئێران، دەستی لە پۆستەکەی هەڵگرت.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەفتەی رابردوو لێژنەیەک لەلایەن عەلی خامنەیی رێبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران رەوانەی شاری ورمێ‌کراوە و ئەو لێژنەیە هەڵگری پەیامی لابردنی غولامڕەزا حەسەنی لە نوێنەرایەتیی کردنی وەلی فەقێ بووە.

\"17813.jpg\"

 

سامان رەسووڵپوور، چاودێری سیاسی

ئەو لێژنەیە دوای چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئیمام جومعەی تەمەن ٨٦ ساڵەی شاری ورمێ‌، دەست لەکار کێشانەوەی ناوبراویان بە باش زانیوە.

نوێنەرانی وەلی فەقێ لە ئوستانەکانەکان، راستەوخۆ لەلایەن رێبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەناسێندرێن، لەو بارەیەوە لێکۆڵەر و چالاکێکی سیاسیی بە هەواڵدەریی \"کوردپا\"‌ی راگەیاند: ئەو کەسانە رۆڵێکی سەرەکییان لە داڕشتنەوەی سیاسەتی ناوچەیی و شێوەی کاری ناوەندە دەوڵەتییەکاندا هەیە و لە نوێژی هەینیدا پڕوپاگەندە بۆ \"دەسەڵاتێکی ئایدۆلۆژیک\" دەکەن.

سامان رەسووڵپوور لەدرێژەی لێدوانەکەیدا وتی: نزیکی و پێشینەی نوێنەران لەگەڵ وەلی فەقێ کاریگەریی لەسەر پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت خزمەتگوزارییەکانیش هەیە و بەتایبەت حەسەنی لەگەڵ خومەینیش زۆر دۆست بوو، و پێوەندیەکی چڕوپڕیشی لەگەڵ رێبەری ئێستای حکوومەتی ئێران هەیە، دەسەڵاتەکەی تەنیا لە چوارچێوەی یاسادا سنووردار نەمابۆویەوە.

حەسەنی ساڵی ١٣٥٨ وەکوو ئیمام جومعەی شاری ورمێ‌دیاری کراو لە رووداوەکانی \"ئینقلاب\" و پرسی حیزبە کوردییەکان لەناوچەکەدا رۆڵێکی سەرەکیی لەتوندوتیژییەکاندا هەبووە و بە کوشتنی پیاوە ئاینییە رادیکاڵەکان و هەروەها بە کوشتنی بە کۆمەڵی کوردەکان بەتایبەت کۆمەڵکوژیی ئاواییەکانی \"قاڕنێ\" و \"قەڵاتان\" تاوانبارە.

رەسووڵپوور لەوپێوەندییەدا باسی لەوە کرد: پێوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان هەڵوێستی حەسەنی و کوشتاری بە کۆمەڵی کوردەکان لە ساڵەکانی 60‌ی هەتاوییدا هەیە و ئەو پیاوە ئایینییە لەسەرەتاوە بە وەلی فەقێ نزیک بووە و لە راستیدا سیاسەتەکانی حکوومەتی لە ناوچەکەدا بەڕێوە بردووە.

\"17815.jpg\"

سەید مەهدی قورەیشی جێگری ناوەندی نوێنەرایەتی رێبەری ئێران لە زانکۆی ورمێ‌، لە جێگەی حەسەنی دادەندرێت

ئەو لێکۆڵەرە سیاسییە، دەست لەکار کێشانەوەی حەسەنی بە بواری دەروونییە بە شتێکی ئەرێنی و باش لەقەڵەم دا و هاوکات جەخت لەوەش دەکاتەوە کە خانەنشینی حەسەنی لەلای بیروڕای گشتیی کوردستان زۆر گرینگ نیە و هاووڵاتییانی کورد هیچ چاوەڕوانییەکیشیان لە نوێنەری تازە نیە و تەنیا چاویان بڕیوەتە سەر کەمکردنەوەی فشار و سەرکوتەکانی دەسەڵات بۆ سەر کۆمەڵگەی کوردستان.

لەوبارەیەوە بەرپرسی شۆرای سیاسەتگوزاری ئیمام جومعەکانی سەرانسەری ئێران، بە هەواڵدەرییە ناوخۆییەکانی راگەیاندووە، \"سەید مەهدی قورەیشی\" جێگری ناوەندی نوێنەرایەتی رێبەری ئێران لە زانکۆی ورمێ‌، لە جێگەی حەسەنی دادەندرێت.

ئەو نوێنەرە نوێیە، کوڕی نوێنەری ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە مەجلیسی ئیسلامیی ئێرانە.

هەواڵدەرییە ناوخۆییەکان رایانگەیاندووە، رێوڕەسمی ناساندنی نوێنەری وەلی فەقێ رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٧ی بەفرانبار بەڕێوە دەچێت.