حکوومەتی ئێران خەریکی ئاوەدانکردنەوەی بنکە سنوورییەکانی خۆیەتی

14:37 - 25 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری سەردەشتدا، خەریکی زیادکردنی ‌هێزەکانی خۆیەتی و هەروەها دەستی بە ئاوەدانکردنەوەی بنکە سنوورییەکانی خۆی لەو شارەدا کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، حکوومەتی ئێران هێزێکی زۆری لە شاری سەردەشتدا جێگر کردووە و هەروەها خەریکی نوێکردنەوەی بنکەکانی خۆی لە سنوورەکانی ئەو شارەدایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: \"حکوومەت هێزێکی زۆری لەو شارەدا جێگیر کردووە و لە هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی بنکە سنوورییەکانی خۆیدایە.\"

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"هێزە حکوومەتییەکان لە شاخی \"جاسووسان\"ی سنووری شاری سەردەشتدا، هێز و کەرەستەی نیزامیی جێگیر کردووە.\"

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە حکوومەت لە هەوڵی ئەوەدایە کە ئەگەر بۆیان کرا، قەرارگایەک لە شاری سەردەشتدا دروست بکەن و هەروەها لەو شارەدا خالی پشکنینی زیاد کردووە.

لە سەرەتای ئەم حەوتوویەدا، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سپای پاسداران لەگەڵ ژمارەیەک لە لیباس شەخسییەکانی حکوومەتدا، لە سنووری شاری مەریواندا جێگیر کراون.

لەم پەیوەندییەدا، ماڵپەڕی کوردستان میدیا، زمانحاڵی حدکا، چەند ڕۆژ پێش و لە هەواڵێکدا، باسی لە کۆمەڵێک ئەندامانی خۆجێی سپای پاسداران کردبوو کە ڕژاونەتە نێو گوندی \"ماشکان\" لە ناوچەی \"بەربنە\"ی پیرانشاردا و بە بیانووی هەبوونی ئەندامانی هێزە کوردییەکان، ماڵ بە ماڵی گوندەکەیان پشکنیوە.