حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ٧ رۆژدا ٣٣ کەسی لەسێدارە دا

14:31 - 12 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی یەک حەفتەی رابردوودا و لە وڵاتی ئێران ٣٣ هاووڵاتی، لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سێدارە دراون، کە حوکمی لەسێدارەدانی ١٨ کەسیان لە یەک رۆژدا و لە زیندانەکانی ورمێ، قزلحەسار و بەندەرعەباس بەڕێوەچووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا کە زیاتر لە ١٠٠ وڵاتی بەشدار لە بیست و حەوتەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کە سەبارەت بە تاوتوێ کردنی پرسی مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیدا بەڕێوەچوو، رەخنەی توندیان لە رێژەی زۆری لەسێدارەدان لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا گرتبوو، حکوومەتی ئسیلامی لەسەر رەوتی لەسێدارەدانی هاووڵاتییان بەردەوامە.

لە رۆژی ٥ی سەرماوەزەوە، هەتا ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ١٢ سەرماوەز، ٣٣ کەس لە وڵاتی ئێراندا لە سێدارە دراون، کە ٢١ کەسیان بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان، حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ برابوویەوە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە لەسێدارەدانی ٤ هاوڵاتیی کورد لە رۆژی رابردوودا (١١ی سەرماوەز) لە زیندانی ورمێ، ئاماری لەسێدارەدانی یەک حەفتەی رابردوو، گەیشتە ٣٣ کەس.

ناوی ئەو چوار زیندانییە کوردە، کە کەسێکیان بەناوی ژن بوو، موختار داودخواز(خواه)، یەدوڵڵا فەهیمی، مەنووچهر رەزایی، مەرزیە ئۆستواری راگەیاندراوە، کە بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان لە سێدارە دراون.

ئەو چوار کەسە لەسێدارەدراوە، رۆژی دووشەممە هاوڕێ لەگەڵ سێ زیندانیی دیکە، بە مەبەستی لەسێدارەدران بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ راگوێزرابوون.

هەروەها رۆژی ١١ی سەرماوەز، ١١ زیندانیی لە زیندانی قزلحەساری کەرەجیش بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارەدراون.

هاوکات حوکمی سێ کەس لەو ٣٣ کەسە، لەبەرچاوی خەڵک بەڕیوەچووە، کە بە تۆمەتی \"دەستدرێژیی جنسی(تجاوز بە عنف)\" لەسێدارەدراون.

کەسیک لەو لەسێدارە دراوانە، کە بە تۆمەتی کوشتن لەسێدارە دراوە، لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا تەمەنی ١٤ ساڵ بووە، کە سەرئەنجام پاش گەیشتن بە تەمەنی ١٨ ساڵی لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی لەسێدارەدانەکەی بەڕێوەچووە.

ناوەڕاست مانگی رەزبەری ئەمساڵ، ئەحمەد شەهید حەتەمین راپۆرتی خۆی سەبارەت بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئیراندا بڵاو کردەوە، کە تیایدا ئاماژە بە لەسێدارەدانی ٨٥٢ کەس لە مانگی ژووئیەی ساڵی ٢٠١٣ی زایینییەوە هەتا ژووئەنی ٢٠١٤ کردبوو، کە ٨ کەسیان لە تەمەنی ژێر ١٨ ساڵدا لەسێدارە دراون.