حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەکی کورد لە زیندانی مەهاباددا بەڕێوەچوو

16:51 - 18 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد، حوکمی لە سێدارەدانی زیندانییەکی خەڵکی ئەو شارەیان جێبەجێ کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، ١٨ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی \"شاماتـ\"ـی شاری مەهاباد، بە ناوی \"وەیس عەلی‌پوور\"، کوڕی خوسرەو، بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست، لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ئەو شارەوە، ئێعدام کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، چوار ساڵ پێش، بەهۆی کێشەی ماڵی، تووشی شەڕ و کێشە ببوو و ببووە هۆی کوشتنی هاووڵاتییەکی دیکە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو زیندانییە کوردە، لە حەوشەی زیندانی مەهاباددا لەسێدارە دراوە و زیندانییانی دیکە لە پشت دەلاقەی ژوورەکانیانەوە چاویان لەو ڕووداوە بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە کوردە، ڕایگەیاند: \"کەمترین حاڵەتی لەسێدارەدان لە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد ڕوو دەدات، ئەمەش زیاتر بۆ چاوترسێنکردنی زیندانییانە\".

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، ئێران بە جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی ٢٥٣ هاووڵاتی لە ساڵی ٢٠١٨دا، بە دووهەمین وڵاتی جیهان لە ئێعدامکردنی هاووڵاتییانی خۆی بە ئەژمار دێت.

پێشتر، ئەو ڕێکخراوەیە بە فەرمی ڕایگەیاندبوو کە بەرپرسانی ئێران بەباشی ئاگادارن کە سزای ئێعدام پێشێلکردنی ئاشکرای بەڵێنییەکانە کە خودی حکوومەتی ئێران واژۆی کردووە.