حوکمی لە سێدارەدانی زیندانییەکی کورد لە زیندانی مەراغە جێبەجێ کرا

14:39 - 16 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کورد خەڵکی شاری نەغەدە، بە تۆمەتی \"کوشتنی بە ئەنقەست\" لە زیندانی ناوەندیی شاری مەراغە، ئێعدام کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ١٤ی بانەمەڕ، زیندانییەکی کورد بە ناوی \"شاهین سەمەدی\"، تەمەن ٣٥ ساڵ، خەڵکی شاری نەغەدە، لە زیندانی ناوەندیی شاری مەڕاغە لە سێدارە درا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە ساڵی ٩٤ی هەتاویدا، بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی \"حامید ڕەزایی‌پوور\"، لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە، حوکمی قیساسی بە سەردا سەپێندرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، سەرەڕای وەرگرتنی ڕەزامەندیی بنەماڵەی کوژراو بۆ لە سێدارەنەدانی، بەڵام لە لایەن بەرپرسانی دەزگای قەزاییەوە، حوکمی لە سێدارەدانی بە سەردا سەپا.

لە سەرەتای وەرزی بەهاری ئەمساڵ هەتاکوو ئێستا، ٨ هاووڵاتیی کورد، خەڵکی شارەکانی نەغەدە، هەرسین، مەریوان و کرماشان، بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لە سێدارە دراون و هەروەها ٦ هاووڵاتیی دیکە بە تۆمەتی \"دزی کردن و کوشتن\"ی بەئەنقەست بە ئێعدام مەحكووم کراون.

بەپێی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ساڵی دا٩٧، ٦ زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی \"ڕامین حوسێن‌پەناهی\"، \"زانیار مورادی\"، \"لوقمان مورادی\"، \"کەماڵ ئەحمەدنژاد\"، \"ناسر عزیزی\" و \"ئەحەد شەباب\"، ئێعدام کراون و ٢ زیندانیی سیاسیی دیکە بە ناوەکانی \"ئەرسەلان خودکام\" و \"مەحیەدین ئیبراهیمی\"، بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، کە حوکمی ئەم دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، هەڵوەشایەوە.