حوکمی لێدانی ١٠٠ قامچی لە هونەرمەندێکی کورد بەڕێوەچوو

15:19 - 7 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: حوکمی لێدانی ١٠٠ قامچی لە هونەرمەندێکی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ، لە لقی چواری دادگای تاوانەکانی ئەو شارەدا بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی گەلاوێژ، حوکمی لێدانی ١٠٠ قامچی لە \"پەیمان میرزازادە\"، گۆرانیبێژی کورد، لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، لە لقی چواری دادگای تاوانەکانی ئەو شارەدا بەڕێوەچوو و ناوبراو سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ئەو حوکمەوە، مانی لە خواردن گرتووە.

پێشتر لە لایەن لقی ١١٠ی دادگای ئینقلابی گشتیی شاری ورمێ، ناوبراو بە تۆمەتی \"خواردنی مەشرووب و هەروەها بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکان\"، ئەو حوکمەی بە سەردا سەپابوو.

مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، گۆرانیبێژی کوردی بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، لە دۆسیەیەکی نوێدا، بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام و چوونە دەرەوەی نایاسایی لە سنوور\"، لە لایەن لقی ١١٠ی دادگای گشتیی \"ورمێـ\"وە، بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

ڕۆژی شەممە، ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧ی هەتاوی، \"پەیمان میرزازادە\" لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتیی دادوەر \"چابۆک\"، دادگایی کرا و بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\"، بە دوو ساڵ زیندانی مەحکووم کرا و ئەم حوکمە ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، بە \"پەیمان\" ڕاگەیەندرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕەشەممەی ٩٧، ئەم گۆرانیبێژە کوردە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەشەممە، پاش لێپرسینەوە بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ راگوێزرابوو.