حوکمی ١٢ ساڵ زیندان و لێدانی قامچی بۆ خوێندکارێکی گونابادی بڕایەوە

13:26 - 20 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: حوکمی ١٢ ساڵ زیندان و لێدانی قامچی لە یەکێک لە دەروێشەکانی گونابادییەکان، بە شێوەی فەرمی لە زیندانی تارانی گەورە بەو زیندانییە ڕاگەیاندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەشەممە،\"کەسەرا نووری\"، خوێندکاری باڵا لە بەشی ماف، لە زانکۆی تاران و یەکێک لە بەرێوەبەرانی ماڵپەڕی \"مجذوبان نور\"، بە حوکمی دادوەر ئەحمەدزادە، بەرپرسی لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی شاری تاران، بە ١٢ ساڵ زیندانی تەعزیری، ٧٤ زەربە قامچی و ٢ ساڵ دوورخرانەوە بۆ ناوچەی سەلاسی باوەجانی، ٢ ساڵ بە نەچوونەدەرەوە و ٢ ساڵ بێبەریکردن لە ئەندامەتی لە گرووپەکان و حیزبەکان و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و چالاکیی میدیایی مەحکووم کرا بوو، ئەو حوکمە بە شێوەی فەرمی ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەشەممە، لە زیندان بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

پووریا نووری برای کەسەرا نووی لە لاپەڕەی فەیسبووکی شەخسی خۆیدا نووسیوویەتی: ئەمڕۆ سەرەڕای پشتگوێخستنی دادگای پێداچوونەوەی بۆ حوکمی براکەم، حوکمەکەی لەگەڵ قەدەغە بوون بۆ چوونەدەرەوە، دووخرانەوە و لێدانی قامچی، بە شێوەیەکی فرەمی لە زیندان پێی ڕاگەیاندراوە.

پێشتر کەسەرا نووری، لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی هەتا نێوەڕاستی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە هۆی چالاکیی میدیایی لە پێوەندی لەگەڵ دەروێشەکانی گونابادی، ماوەی زیندانییەکی بە پلاکی ژمارەی سەدەوە، لە زیندانی عادڵاوای شیراز و زیندانی ئیڤین تێپەڕاندبوو.