حوکمی زیندانییەکی لاوی کورد لە دادگای پێداچوونەوەدا کەم کرایەوە

14:10 - 27 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: حوکمی ٥ ساڵ زیندانی تەعزیریی لاوێکی کورد، لە لایەن لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بۆ شەش مانگ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی کورد، بە ناوی \"ئیقباڵ ئەحمەدپوور\"، کوڕی محەممەد خەڵکی گوندی \"ئەنبێ\"، سەر بە ناوچەی تەڕگەوەڕی ورمێ، لە لایەن لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی ورمێیەوە، بە تۆمەتی \"پڕۆپاگەندە دژی نیزام\"، بۆ شەش مانگ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێدا، لە زاری یەکێک لە نزیکانی ئەو لاوە کوردە، باسی لەوە کرد: \"دانیشتنی داداگاییکردنی ئیقباڵ ئەحمەدپوور، بە سەرۆکایەتیی قازی \"ڕوحوڵڵا مەحبووبی\" بەڕێوە چوو و ئەو قازییە ناوبراوی بە تۆمەتی \"پڕۆپاگەندە بە دژی نیزام\"، به شەش مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی ڕەزبەر، لقی سێ دادگایی ئینقلابی شاری ورمێ ئەو لاوە کوردەی بە تۆمەتی \"هەوڵدان بە دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردبوو.

ئەو لاوە کوردە، ٢٠ی خەرمانانی ئەمساڵ، بە تۆمەتی \"ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن ئیتلاعاتی شاری ورمێیەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی ئەو ناوەندە حکوومەتییە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا.

ئیقباڵ ئەحمەدپوور، پاش لێکۆڵینەوە بۆ بەندی ١٣، بەندی تایبەت بە لاوان لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزرا، کە ناوبراو ئێستا لە زینداندا ماوەی حوکمەی تێپەڕ دەکات.