حوکمی زیندانی مەحموود ساڵحی گۆڕدرا بە پارە و ئازاد کرا

13:51 - 3 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: حوکمی یەک ساڵ زیندانی مەحموود ساڵحی چالاکی کرێکاری کورد لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگایسنە گۆڕدرا بە پارە و حوکمی ئازادی ناوبراو لە سەر بڕیاری لقی چوار دادگای سنە بووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج شەممە ٢ی سەرماوەز، حوکمی یکساڵ زیندانی تەعزیری مەحموود ساڵحی چالاکی کرێکاری کورد لە لایەن لقی چوار دادگای پێداچوونەوەی پاڕیزگای سنە گۆردرا بە پارە و حوکمی ئازادی ئەو چالاکە کرێکارەیە لە سەر بڕیاری لقی چوار دادگای سنە بووە و حوکمەکەش تەحوێلی بەرپرسانی زیندانی شاری سەقز دراوە و دوانێوەڕۆی ڕۆژی ڕابردوو مەحموود ساڵحی ئازاد کرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە کوردە، بەبێ بوونی پارێزەر لە دادگای سەرەتایی سنە، بە تۆمەتی \"ئەندامەتی لە دامەزراوەکانی دژبەری نیزام و پڕوپاگەندە بە دژی نیزام\" بە ٩ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونە بە ساڵێک زیندانی تەعزیری گۆڕدرا.

چەند ڕۆژ پێش، پزیشکانی چارەسەری مەحموود ساڵحی لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسانی قەزایی و ئەمنیەتی و بەرپرسانی زیندانی ناوەندی شاری سەقز، وێڕای هوشداریدان سەبارەت بە بارودۆخی جەستەیی ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، بە هۆی ئەویکە ناوبراو تووشی چەند جۆر نەخۆشینی هەناوی هاتووە، دەبێت دەستبەجێ بۆ نەخۆشخانەکانی تاران یان تەورێز بگوازرێتەوە.

ئەو چالاکە کرێکارییه، سەرەڕای نەخۆشی دڵ بە هۆی کێشەی گورچیلە دەبێ حەفتەی دوو جار دیالیز بکرێت. ڕۆژی شەممە ٦ی خەزەڵوەر، ئەو چالاکە کرێکارییە بەپێی حوکمی دادگای سنە بە قووڵبەستی لە نەخۆشخانە دیالیز کراوە و بۆ تێپەڕاندنی ساڵێک حوکمی زیندانی تەعزیری بۆ زیندانی ناوەندیی سەقز گوازرایەوە.