حكوومەتی ئێران ئیزنی چوونە حەجی بە دوو كەسایەتیی ئایینی سوننە نەدا

12:06 - 12 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی تاران پێشگیری لە چوونی دوو كەسایەتیی ئایینی سوننەی شاری زاهیدان بۆ زیارەتی حەج گرتووە.

ماڵپەڕی \"سنی انلاین\" بڵاوی كردەوە، محەممەد قاسم قاسمی و ئەحمەد ناروویی دوو كەسایەتیی ئایینی سوننەی شاری زاهیدان بە هۆیەكی نادیارەوە ئیزنی چوون بۆ وڵاتی عەرەبستانیان بە مەبەستی بەجێ‌گەیاندنی زیارەتی حەجیان پێ‌نەدراوە.

ئیمام جومعەی كاتیی شاری زاهیدان و جێگری ئیداریی \"دارالعلوم\" لەناو فڕۆكەخانەی شاری زاهیدان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی ئەو شارەوە رێگایان پێ‌نەدرا كە سەردانی وڵاتی عەرەبستان بكەن.

لە بەندی یەك لە مادەی 19 ی جاڕنامەی نێودەوڵەتیی مافی مەدەنی و سیاسیدا هاتووە، هیچ لایەنێك بۆی نیە كە كەسێك لەمەڕ بیر و باوەڕی ئەزەیەت بكات.

هەروەها لە بەندی یەك لە مادەی 12ی جاڕنامەی نێودەوڵەتیی مافی مەدەنیدا هاتووە، هەر تاكێك سەربەستە بۆ هەر وڵاتێك كە پێی خوش بێت سەفەر بكات.