٢٦٦ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران (هاوینی ٩٣)

18:14 - 10 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی سێ مانگەی ئاماریی ئاژانسی کوردپا بەپێی حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی بڵاو دەکرێتەوە.

ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بە پشت بەستن بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو و لەسەر بنەمای ناو و ناسناوی ئەو کسانە بووە کە پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە، کە ئەم ئامارە شیکارییەدا تەنیا بەشێوەی ژمارە دەخرێتەڕوو.

سەرجەم ناوی ئەو کەسانە بەشێوەی بەڵگەمەند لەبەر دەستی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپادا هەیە.

خشتەی (١)

حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکان (هاوینی ١٣٩٣)

\"22415.jpg\"

بەپێی خشتەی (١) لەکۆی ئەو حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە هاوینی ئەمساڵدا، ٢٦٦ حاڵەتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردییەکانی ئێران رووی داوە، کە لەم نێوانەدا کوشتاری کۆڵبەران و هاووڵاتییانی مەدەنی لەلایەن ‌هێزە ئینتزامییەکانەوە بە بەراورد لەگەڵ وەرزی بەهاری ئەمساڵلەسەدا ٧٨ زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە (لە ١٥ حاڵەتەوە بۆ ٢٦ حاڵەت زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە) و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی بە زیندانییە سیاسی و مەزهەبییەکان، لەسەدا ٩٣ زیادی کردووە (لە ١٦ حاڵەتەوە گەیشتۆتە ٣١ حاڵەت).

لەم نێوانەدا حوکمی ٣٥ ساڵ و ١١ مانگ زیندانیی تەعزیری، ٢ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی ٥ ساڵ و دوو ملوێن تمەن سزای نەخت بۆ ١٩ کەس لە تۆمەتبارانی \"ئەمنیەتی\" بڕدراوەتەوە.

بەردەوامیی مانگرتن زیندانییە سیاسییەکان بەهۆی دۆخی خراپی نێو زیندان، ناڕەزایەتی دەربڕین بە لێدانی زیندانییە سیایسیەکان و خۆبواردنی زیندانییان لە چوون بۆ حیفازەتی نێو زیندان، راگواستنی ٨ زیندانیی سیاسیی بۆ ژووری تاکەکەسیی نێو زیندان و شوێنەکانی دیکەی لێکەوتۆتەوە.

هەروەها لە کۆی ٣١ زیندانی، کە لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەری بوونە، ٢٦ کەسیان زیندانیی سیاسی، ٤ کەسیان زیندانیی مەزهەبی و کەسێکیشیان چالاکی کرێکاری بووە، کە بە تۆمەتی ئەمنیەتی لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندان.

تێکڕای زیندانییە سیاسی و مەزهەبییەکان لە دۆخێکی نالەباری جەستەییدان و پێویستییان بە چارەسەریی پزیشکی لە نەخۆشخانەکانی دەرەوەی زیندان هەیە. ئەفشین سۆهراب‌زادە یەکێک لەو زیندانییە سیایسیە کوردانەیە، کە بەهۆی پێرانەگەیشتنی پزیشکی هەوڵی خۆکوژی داوە.

لێدان و سووکایەتی کردن بە زیندانییە سیاسی و مەزهەبییەکان لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە، یەکێک لەو عاڵەتە دەگمەنانەیە، کە ئەحمەد شەهید راپۆرتێری تایبەتیی رێکخراو نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێرانیش لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا لەمەڕ بارودۆخی مافی مرۆڤ و لیدانی زیندانییە سیایسیەکان لە ئێران نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە.

هەروەها بەپێی ئەو حاڵەتانە، ٢ چالاکی سیاسی و خوێندکاری بەهۆی فشاری ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە ناچاری وڵاتی ئێرانیان بەجێهێشتووە، ٣ خوێندکاری کورد بەهۆی بانگەواز بۆ دەرکردنی بڵاڤۆکێکی کوردی – ئازەری، بەڕێوەبردنی پەیجێکی فەیسبووک لەژێر ناوی \"کوردەکان نەتەوەیەکن، نەک کەمینە\" و چالاکێکی خویةدکاریی رەوتی چەپ بە بیانووی ئینزباتییەوە لە خوێندن بێبەری کران.

هەروەها مامۆستایەکی سوننی مەزهەب بەهۆی خۆ بەدوور گرتن لە ئایدیۆلۆژی و هێڵی فیکریی ئیدارەی ئیتلاعات و خۆبواردن لە پڕوپاگەندە بۆ حکوومەتی ئیسلامی، پێشنوێژی کردنی لە مزگەوتەکاند الێ قەدەغە کرا. هەروەها دوو چالاکی مەزهەبی و ئەندامی مەکتەب قورئان، کە کارمەندی قوتابخانە و نەخۆشخانە بوون، بە تۆمەتی دووبەرەکی نانەوەی مەزهەبی، بەرەوڕووی لەسەر کار دەرکران و دوور خستنەوە ەبوونەوە.

راپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا، کە مانگی خەرمانانی ئەمساڵ بڵاو کرایەوە، باسی لە زیادبوونی مافی مرۆڤ بەتایبەت پاش هاتنەسەرکاری حەسەن رۆحانی کردووە.

هەروەها رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ حەسەن رۆحانی داوای لە دەوڵەتی ناوبراو کردووە، کە بەپێی بەڵینییەکانی سەبارەت بە مافی مرۆڤ، ئیزن بە ئەعمەد شەهید بدات کە سەردانی وڵاتی ئیران بکات.

شیرین عیبادی یاسازان و چالاکی مافی مرۆڤ، بارودۆخی مافی مرۆڤی لە ماوەی یەک ساڵەی دەوڵەتداریی حەسەن رۆحانیدا کارەساتبار وەسف کردووە و لەو باوەڕەدایە کە تەنانەت لە چەند بوارێکدا کە سەرکۆمار دەسەڵاتی یاسایی هەیە، هیچ باشتر نەبووە.

خشتەی (٢)

بیاڤی چالاکیی حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکان (هاوینی ٩٣)

\"22416.jpg\"

بەگشتی زیندانییە سیاسی و مەزهەبییەکانی کورد لەلایەن دەزگای قەزایی و ئەمنیەتیی حکوموەتی ئیسلامیی ئێرانەوە \"ئەمنیەتی\" لە قەڵەم ئەدرێن.

هەر لەو پەیوەندییەدا چالاکانی سیاسی، مەزهەبی، فەرهەنگی، مەدەنی، سینفی و کرێکاری بەهۆی چالاکی لە بوارەکانی مافی مرۆڤ، نارەزایەتی دەربڕین و چالاکی لە تۆرە کۆمەڵایەتیەیکان، تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەییان دراوەتە پاڵ.

سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا لە بواری مافی مرۆڤدا رەخنەی لە حەسەن رۆحانی گرتووە و دەڵێت؛ \"رۆحانی بەڵینییەکانی کاتی هەڵبژاردنی جێبەجێ نەکردووەو بارودۆخی مافی مرۆڤ لە دەولەتی ناوبراودا باشتر نەبووە.

سەرەڕای بەڵینییەکانی حەسەن رۆحانی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، رایگەیاندبوو، کە \" کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان دەبێ هەست بە عەداڵەت بکەن\"، بەڵام سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، هەلاواردن بە دژی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان، هەم بە کردەوە و هەم لە یاساشدا درێژەی هەیە\".

خشتەی ژمارە (٣)

ئەو ناوەندانەی دەستیان لە دەستەبسەر کردنی هاوولاتییانی کوردا هەبووە (هاوینی ٩٣)

\"22417.jpg\"

بەپێی خشتەی (٣) زۆرترین حاڵەتەکانی دەستبەسەرکردن لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات و هیزە ئەمنییەکانەوە ئەنجام دراوە.

شیرین عیبادی چالاکی مافی مرۆڤ، سەبارەت بە وەزارەتی ئیتلاعاتی دەوڵەتی حەسەن رۆحانی، کە لەژێر چاوەدێریی و کۆنتڕۆڵی سەرکۆماردایە، گوتوویەتی: \"هەڵسووکەوتی سەرەڕۆیانەی وەزارەتی ئیتلاعات وەکوو سەدەمی دەولەتی پیشوو درێژەی هەیە و هیچ شتێک گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە\".

لیکدانەوەی کارکردی دەزگا ئەمنییەکان لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، دەرخەری ئەو راستییەیە کە نهێنی هێشتنەوە و شاردنەوەی هاووڵاتییانی دەستبەسەر کراو، سێ مەبەستی دیاری لە پشتەوەیە:

١- شاردنەوەی هەواڵی گیان لەدەست دانی کەسانی دەستبەسەر کراو، کە ئەگەر بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانیان لەدەست دا.

٢- رێگری کردن لە گەڕان بەدوای چارەنووسی کەسی دەستبەسەرکراودا و دواتریش رەت کردنەوەی هەواڵی دەستبەسەرکرانی ئەو کەسە، کە بە مەبەستی دەستپێڕانەگەیشتنی کەسی دەستبەسەرکراو بە پشتیونایی یاسایی و دۆزینەوەی راستییەکان.

٣- پێکهێنانی دۆخی ترس بۆ دانپێدانانی ناچاری و تۆمەت وەپاڵدان، کە بەگشتی لە ماوەی زەمنەییەکی کورتدا ئەنجام ئەدرێت.

خشتەی (٤)

چۆنەیەتیی دەستەبسەرکردنی هاوولاتییان لەلایەن انوەندە ئەمنی و نیزامییەکانەوە (هاوینی ٩٣)

\"22418.jpg\"

بەپێی خشتەی (٤) چارەنووس و شوێنی راگیرانی ٨٨ کەسی دەستەبسەرکراو لەپاش دەستەبسەرکرانیان ناڕوون بووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی قەدەغە کردووە، و بەپێی ئەو یاسایە کەسی دەستبەسەرکراو دەبێ دەستبەجێ بەشێوەی نووسراوە تۆمەتەکەی و هەروەها هۆکارەکانی دەستبەسەرکردنیشی پێ رابگەیەندرێت.

کارناسانی نیونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا راگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە و رەخنەیان لە مەحکووم کردنی چالاکانی مەدەنی لە وڵاتی ئێران گرت. بە گوتەی ئەو کارناسانە \"سەرکوتی ئازادییەکان\" کە لەلایەن یاسا نێونەتەوەییەکانەوە پارێزگارییان لێ دەکرێت \"تەنیا ئامانجی ئەو جۆرە کردارانەن\".

رێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا حکوومەتی ئیسلامیی تۆمەتبار کرد، کە دەیان کەسی بەهۆی مافە سەرەتاییەکانیان بەشێوەی نایاسایی دەستەبسەر کراون.

کەلوپەلی شەخسیی ٢٧ کەس لە کەسانی دەستبەسەرکراو، زەوت کراوەو ماڵەکانیشیان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە پشکێندراون.

لەکاتێکدا، کە بەپێی ماددەی ٢٤ی یاسای پێڕاگەیشتنی تاوان پشکنینی ناوماڵ و زەوت کردنی کەلوپەل و حوکمی جەلب دەبێ بە ئیزنی دەزگای قەزایی بێت، هەرچەند ئیزنی لێکۆڵینەوە بەشێوەی گشتی لەلایەن لێپرسراوی قەزایی درابێتە دەستی ئەو مەئموورەکە، بەڵام نزیک بە تێکرای ئەم حالەتانە بەبێ رەچاوکردنی یاساکان جێبەجێ دەکرێت.

لەنێو ئەو کەسانەدا، کەسێک لە کاتی دەستبەسەرکاریندا دراوتە بەر لێدان.

ئەوە لەکاتێکدایە، کە بەپیی \"بەندی ٦ی ماددەی یاسایی ریزدانان بۆ ئازادییە رەواکان و پاراستنی مافی هاووڵاتی بوون\"، هەر چەشنە ئازاردانێک و سووکایەتی کردنێک لە کاتی دەستبەسەرکردن و لێپرسینەوە لەگەڵ کەسێکدا، قەدەغەیە.

راگەیاندراوی جیهانیی پشتیوانی لە تاکەکان \"ونکردنی تاک\" هۆکاری خۆبواردن لەمەڕ دانی زانیاری لەسەر چارەنووس یان شوینی راگیرانی کەسی دەستبەسەر کراوی لە قەڵەم داوەو ئەم هەڵوێستەی بە لاوازکردنی گەورەترین بایەخەکانی هەموو کۆمـەڵگەکان وەسف کردووە، کە دەبێ دەسەلاتداران رێزی لێبگرن.

دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٦ی زایینیدا \"راگەیاندراوی نیونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان\"ی واژۆ کردووەو بەپێی بەندئ ٢ی ماددەی ٩ی ئەم راگەیاندراوە، هەر کەسێک کە دەستەبسەر دەکرێ، پێویستە لەکاتی دەستبەسەرکرانیدا و بە زووترین کات لەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی، ئاگادار بکرێتەوە.

خشتەی (٥)

چۆنیەتیی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران و هاووڵاتیاینی مەدەنی لە ناوچە کوردییەکان (هاوینی ٩٣)

\"22419.jpg\"

بەپێی خشتەی (٥)، ٤١ کەس لە کۆڵبەران و هاووڵاتییانی مەدەنی بە تەقەی راستەوخۆی هیزە نیزامی و چەکدارەکانی حکوموەتی ئیسلامیی ئیران کوژراون.

لە نێوان هاووڵاتییانی مەدەنی، کە بە تەقەی هیزە چەکدار و نیزامییەکان بریندار کراون، منداڵێکی تەمەن ٣ ساڵیش بەدی دەکرێ و کەسێکی دیکەش بەهۆی لێدران و ئازار و ئەزیەتەوە بریندار بووە.

کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، کە هێزە نیزامییەکان لەگەڵ دیتنی کۆڵبەران، دەستبەجێ تەقەیان لێ دەکەن.

بەپێی یاسای بەکارهێنانی چەک لە حکوموەتی ئیسلامیی ئێراندا، ئەو کەسەی کە گومانی لەسەرە، دەبێ بە دەنگ ئاگادار بکرێتەوە و پاشان تەقەی هەوایی و دوایین جاریش لە پشتێن بەرەوخۆواری تەقەی لێ بکرێت.

هیزە نیزامییەکان لە کاتێکدا تەقە لە کۆڵبەران دەکەن، کە یاسای سزادانی ئیسلامی کاری کۆڵبەرەکانی وەکوو هێنان \"کەلوپەلی قاچاخ\" و \"هاتوچۆ لە خاڵ ەسنوورییەکان\" لە قەڵەم داوە، کە سزای چەندین مانگ زیندانی و سزای نەختی کە چەند بەرابەری نرخی کەلوپەلەکیان بێت، بۆ دیاری کراوە.

هەروەها بەپێی بەندی ئەلف لە ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، ئەگەر کەلوپەلی قاچاخ کەمتر لە یەک ملوێن تمەن بیت، سزایەکی بۆ دیاری نەکراوە و لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا کۆڵبەران ئەو بارەی کە هەڵیدەگرن نرخەکەی لە یەک ملوین تمەن زۆر کەمترە، کە دەبێ لە وەها حاڵەتێکدا دەبێ تەنیا بارەکەی زەوت بکرێ.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بەبیانووی ئەوەیکە کۆڵبەران کەلوپەلی قاچاخ هاوردە دەکەن، بە تاوانبار لە قەڵەمیان ئەدات، بەڵام وەپاڵدانی ئەو تۆمەتانە لە روانگەی یاساییەوە کۆمەڵێک پێوەری هەیە.

بە گوتەی ساڵح نیکبەخت، تێکرای دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە مەدەنیانەی کەلەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە تەقەیان لێکراوە، لە دادگاکاندا بێ ئەنجام ماونەتەوە، چونکە هێزە چەکدارەکان بە پاساوی ئەویەکە سەرەتا ئاگادارمان کردۆتەوە، دواتر بە دەنگی بەرز بانگمان کردووەو پاشان تەقەی هەواییمان لێکردووە، لە سزا بێبەری دەبن.

بەگوتەی ئەو پارێزەرە کوردە،ئەگەر لە کەمەر بەرەو خوار کەسەکەیان نەپێکابێت، دەڵێن: چونکە مەوداکەی دوور بووە بۆمان تەشخیس نەدراوەو لە ئەنجامدا گولـلەکە بەر شوێنی کاریگەری کەوتووەو گیانی لەدەست داوە و بەم هۆیەوە سزای دادگا نایانگرێتەوە.

ئەو پارێزەرە یاسازانە نێونەتەوەییە گوتووشیەتی، ئەگەر کەسێک ماشێنی پی بێت، دەبێ لە سەرەتادا تەقە لە تەگەری ماشێنەکە بکرێت، کە ئەمە دەبێتە هۆی راوەستانی ماشێنەکەو لە ئەنجامدا گرتنی شۆفیرەکە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هیچکام لە ماددە یاساییەکان رەچاو ناکرێت و لە یەکەم حاڵەتدا تەقە لە شۆفیرەکان دەکەن.

نیکبەخت سەبارەت بە مەرگی کۆڵبەران و ئەنجامی یاسایی دۆسیەی کوژرانی کۆڵبەران لە دادگاکاندا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندبوو؛ ئەگەر ئەم تێبینی و ماددە یاساییانە لەبەر چاو نەگیرێن، حاڵەتی کوشتنەکە دەبێتە، ئەنقەست (عەمد) و دەبێ بکوژەکە بەپێی یاسا قەساس بکرێت، کە حوکمەکەی سێدارە دەبێت.

بەگوتەی نیکبەخت، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، تێکڕای حاڵەتی کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکاران بەشێوە ئەنقەست (شبە عمد) و غەیرە ئەنقەست (غیر عمد) لە قەڵەم دراون.

ئەعمەد شەهید راپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت کوژرانی کۆلبەرانی سەرسنووری بە \"کوشتنی سەرەوەتر لە دەسەڵاتی دەزگای قەزایی\" لە قەڵەم دابووم کە نیگەرانیی قووڵی خۆی لەو پەیونەدییەدا دەربڕیبووو. ناوبرا پێشتریش باسی لە دۆخی نالەبار و دژواری کۆڵبەرانی سەرسنوور و \"کوشتاری سیستماتیک\"ی ئەو کۆڵبەرانە کردبوو.

خشتەی (٦)

هۆکاری مانگرتنی زیندانییە سیاسییەکان لە زیندان (هاوینی ٩٣)

\"22420.jpg\"

زیندانیانی سیاسی لە ئێران، بەگشتی ئەندامی حیزبە سیاسیکان و وێبلاگنووس و رۆژنامەنووسان و چالاکانی کرێکاری و کەمینە مەزهەبییەکانن. ئەوان بەرەوڕووی کۆمەڵێک تاوانی ناڕوونی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئسیلامی دەبنەوە.

لە زۆربەی حالەتەکاندا زیندانییە سیاسی و مەزهەبییەکان لە دەستپێڕاگەیشتن بە پاریزەر و داگاییەکی عادڵانە بێبەرین. زۆربەی ئەو کەسانە پاش دەستبەسەرکرانیان چەندین مانگ بە چارەنووسی ناڕوونەوە لە گرتووخانە و ژوورە تاکەکەکسییەکاندا رادەگیرێن و لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا بە زەبری لیدان و ئەشکەنجە تۆمەتەکانیان بەسەردا ساخ دەکەنەوە.

بەپێی بڕیارنامەی رێکەوتی ١٠ی مانگی ژانویەی ٢٠١٤ی ئورووپا، حەسەن رۆحانی دەبێ پابەندی بەڵێنییەکانی خۆی بێت و لە پەیوەندی لەگەڵ مافی هاووڵاتی بوون، نەهێشتنی هەڵاواردن، قەدەغە کردنی ئەشکەنجە، رێزگرتن لە ئازادیی بیروباوەڕ و مەزهەب و ئازادیی رادەربڕین، بەڵێنییەکانی جێبەجی بکات.

هەروەها ئەو بڕیارنامەیە، بارودۆخی مافی مرۆڤی لە وڵاتی ئێراندا بەردەوام و بەربڵاو وەسف کردووە.

بەکارهێنانی ئەم ئامارە، بە مەرجی ئاماژە بە سەرچاوەکەی (ئاژانسی کوردپا)، رێگە پێدراوە.