حاسڵ عەزیزی: کورد بوون خۆی حوکمی ئێعدامی هەیە

14:46 - 27 رەشەمه 2717

ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسی کورد خەڵکی شاری شنۆ کە بە ٢٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو، زێدی خۆی بەجێهشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حاسڵ عەزیزی، زیندانیی سیاسی کورد خەڵکی شاری شنۆ زێدی خۆی بەجێهشت. ئەم زیندانییە سیاسیە کوردە لە دادگای سەرەتایی بە ٢٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و پاش پێشێلکردنی ئەو حوکمە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە دووبارە لە لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ دادگایی و بە ٢٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئاژانسی کوردپا لەو پەیوەندییەدا،لەگەڵ حاسڵ عەزیزی وتووێژێکی کورتی ئەنجام داوە.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە دەڵێت: ٢١\"ی پووشپەڕی ساڵی ٩٥ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا دەسبەسەر و ماوەی ١٨ مانگ لە گرتووخانە دابووم و هەر ڕۆژ بە بیانوویەک منیان بۆ حیفازەت ئیتلاعاتی سپا دەبرد و بێڕیزیان پێی دەکردم\".

ناوبراو دەڵێت: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ دانپێنانی زۆرەملی به من، ئازارو ئەشکەنجەیان دەدام و لەو پەیوەندییەدا، تووشی نەخۆشیی دڵ بووم و بۆ چارەسەریی پزیشکی بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکان گوازرامەوە\".

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە کە بە\" معاونت در اقدام مسلحانە و عضویت درحزب دمکرات کردستان ایران به عنوان عنصر اصلی هسته حزب\" تاوانبار کرابوو، دەڵێت: \"٢٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٥ی هەتاوی لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ دادگایی کرام و هیچ بەڵگەیەک بۆ تەئیدی حوکمی من بوونی نەبوو و منیش هیچ دانپێدانانێکم نەکرد و ئێستاش کورد بوون بۆ خۆی حوکمی ئێعدامی هەیە\".

هەروەها ناوبراو دەڵێت: \"دادگایی‌کردنی من بە سەرۆکایەتی دادوەر \"چابۆک\" وڕاوێژکاران \"شێخلوو\" و \"زەیناڵی\" بووە و دادوەر بۆ بڕینەوەی حوکمەکە پشتی بە ڕاپۆرت و بەڵگەکانی ئیتلاعاتی سپای دەبەست و ئامانجی لەو حوکمە تەنیا پەیامێک بوو بە \"خەڵکی ڕۆژهەڵات و حدکا\"، کە هەرکەس یارمەتی و شوێنی حەوانەوە بۆ پێشمەرگەکانی حدکا دابین بکات، ئەمە سزاکەیەتی\".

حاسڵ عزیزی بە ئاماژە کردن بە ڕۆڵی سپای پاسداران لە ڕەوتی دادگایەکی خۆیدا دەڵێت: \"سپای پاسداران لە ڕەوتی دادگایی کردنی من دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی هەبووە و دادوەر شێخلوو نوێنەری سپا و بەرپرسی لقی دووی دادگای ئینقلابە کە لە کاتی دادگایی‌کردنی مندا ڕاویژکار بوو و ئەگەریش سپای پاسداران دەستێوەردانی نەبوو، بەبێ هیچ بەڵگەیەک حوکمی ٢٥ ساڵ زیندانی بۆ من نەدەبڕایەوە\".

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە سەبارەت بە هۆکاری چۆنیەتی هەڵاتنی لە ئێران ڕاگەیاند: \"حوکمی ٢٥ ساڵ زیندانی تەعزیری بە سەر مندا سەپابوو،بەبێ ئەوەیکە هیچ تاوانێکم هەبووبێت، بە سەپاندنی ئەو حوکمە بە سەرمندا، نارەزایەتیم دەبڕیبوو و دۆسیەی من بۆ لقی ٤٧ دیوانی باڵای وڵات نێردرا. پاش ٨ مانگ لێکۆڵینەوە و تاوتوێ کردنی دۆسیەکە، دیوانی باڵای وڵات کارناس و هێزە ئیتلاعاتییەکانی بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنی ناوچە و چۆنیەتی ڕوودانی شەڕ و تێکهەڵچوون لە شاری شنۆ بەڕێکرد و پاش ئەو لێکۆڵینەوە، دیوانی باڵای وڵات حوکمەکەی پێشێلکرد و لە \"دادنامە\"کەدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ناوبرا لە تەواوی تۆمەتەکان \"تبرئە\"یە و دیوانی باڵای وڵات بۆ ئازادکردنی من بڕیاری بارمتەی ٢٠٠ میلیۆنی تمەنی بڕیەوە و بە دانانی ئەو بارمتەیە من ئازاد کرام .

پاش مانگێک لە ئازاد بوونم لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانبار ئەمساڵ(٩٦)بەبێ ئەوەیکە لە کۆبوونەوەی دادگا ئامادە بم، لە لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە ٢٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرام و حوکمی دەستبەسەر کردنیان بۆ من بڕیبووە، کە ئەگەر دەستبەسەر کرابام، دەبوایە هەتا کۆتایی ژیانم لە زیندان دابام و ڕوون نەبوو چ دۆسیەیەکی دیکەیان بۆ ساز دەکردم.