جەهاد بە مادەی هۆشبەر لە سووریە!

15:47 - 4 سەرماوەز 2715
Unknown Author
شۆڕش ناسری

لەوانەیە پرسیارێ بۆ زۆر کەس لە چاوەدرێران و شوێنگرانی هەواڵەکانی شەڕی سووریە هاتوێتە پێشەوە کە لایەنە ئێسلامیتەکانی سووریە چۆن توانیویانە هێزەکانیان بەجۆرێ پەروەردە بکەن کە تاکوو ئەتوانن بکوژن و وێران بکەن و هێشتاش پاش چەن شەڕی قورس تاقمێکی چەکدار ئەتوانن بە بێ هەست کردن بە ماندوو بوون زیاتر لە پێشوو کردوەکانیان دووپات بکەنەوە. یانکوو ئەوەی کە گرووپە چەکدارەکان سەرچاوەی ئابووریان جگە لە یارمەتیە دەرەکیەکان چیە.

وڵامی ئەم پرسیارە هەڵئەگەڕێتەوە بۆسەر دیاردەێک لەدەرەوەی هێزی ئاسایی مرۆڤ بەڵام بەرهەمی مرۆڤ و قورسێکی هۆشبەر بە ناوی کەپتاگۆن. لایەنەکانی شەڕ لە سووریە بۆ دابینکردنی داهاتی شەڕ و قەرەبووی هێزی چەکدارەکانیان و هەست پێ نەکردن بە ئەنجامدانی جنایەت پەنایان بردوەتە بەر درووسکردنی مادە هۆشبەرەکان و لەوانە جۆرێ قورسی ئامفیتامینی زۆر بەهێز بە ناوی کەپتاگۆن. ئەمجۆرە مادە هۆشبەرە کە فۆرمووڵی درووسکردنی ئەگەڕێتەوە بۆ سەر ئامفیتامینێکی بەهێز بەناوی فێنێتیلاین یارمەتی چەکدارەکان ئەدا بۆ چەنڕۆژ بە حاڵەتێکی شادەوە لەسەرپێ راوستن و بە خوینسەردی مرۆڤ بکوژن و بە ئاسانی وێران بکەن. ئەم مادە هۆشبەرە تاکوو ئێستە دەیان میلیۆن دۆلار سوودی بۆ لایەنە ئێسلامیەکانی شەڕی سوریە بووە و بازنەی فرۆشی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاسی لەخۆ گرتوەتەوە.

فێنێتیلاین لە ساڵەکانی شەستی زایینی دا وەکوو دەرمان بە کەسانی خەمۆک، کەسانێ کە لە خەودا هێرشی عەسەبیان بۆ تێ (نارکۆلێپتیک) و کەسانی لەڕادەبەدەر چالاک (هایپرئەکتیو) دراوە بەڵام ئێستە لە زۆر وڵات قەدەغەیە و لە زۆریشیاندا وەکوو یەکێ لە مەترسیدارترین مادە هۆشبەرەکان چاوی لێ ئەکرێ. پێش داعش و ئێستەیش ئەمجۆرە مادە هۆشبەرە لە لایەن دانیشتوانی عەرەبستانەوە زۆرترین کڕیاری هەبووە و هەیە و بە پێ ئامارەکان ٤٠ تا ٥٠ هەزار کەس لە عەرەبستان دا گیرۆدەی ئەم مادە هۆشبەرەن. پاش ئەوەی کە سووریە بووەتە یەکێ لە سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەکان دۆڵی بەقای لۆبنان کە هەمیشە وەکوو یەکێ لە سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەکان چاوی لێکراوە گرینگی خۆی لە بواری بەرهەمهێنانەوە لە سەدا نەوەد لەدەس داوە و هەمووی گوازراوەتەوە بۆ سووریە.

کەپتاگۆن کە بەرهەمهێنانی زۆر ئاسانە هەر دانەێکی بە کەمتر لە ٢٠ دۆلار لە سوریە دەس ئەکەوێ. کەپتاگۆن ئەوێتە هۆی زیانگەیاندنێکی یەکجار زۆر بە مێشک و دەروون. هاوکات کەسێکە کەڵکی لێ وەرئەگرێ قسەی زۆر ئەکا، ناخەوێ، سەرحاڵە، ترسی نامێنێ و پێ وایە بەهێزترین کەسە. ئێستە کە ئەمجۆرە ئامفیتامینە لە سووریە بەرهەم دێ دۆزەکەی بەجۆرێکە کە زۆرتر بەکەڵکی حاڵەتی شەڕ دێ واتە تایبەت بۆ بارودۆخی شەڕی سووریە و عێراق درووس کراوە.

بەشێ لە شەڕکەرانی سووریە ئاگایان لە چۆنیەتی و زیانەکانی کەپتاگۆن نیە و لە لایەن بەرپرسانیانەوە پێان ئەدرێ. سەرەکیترین زیانی ئەم مادە هۆشبەرە گیرۆدەکردنی لایەنگرانی بە خۆیە.

نمونەی کەڵک وەرگرتن لەمجۆرە مادەهۆشبەرانە لە کاتی شەڕدا لە سەردەمی ئاڵمانی نازی و شەڕی ویێتنام بینراوە کە زۆرتری زیانی گیانی و مادیان لێ کەوتووەتەوە.

ئەو بابەتە ڕا و سەرنجی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ناوەڕۆکەکەی بەرپرسیار نیە.