جەستەی ژن شەرەفی پیاو نییە

21:08 - 19 بانەمەڕ 2719
Unknown Author
شلێر ڕەشیدی

داوام لێکراوە باسێک بنووسم لەسەر ئەم خۆکوژیانەی کە لەم دواییانەدا لە کوردستان ڕوو دەدات. نازانم باسی چی بکەم و بڵێم چ کات ئەم خۆکوژی و کوشتنانە کۆتایی پێ دێت! ئەوەندە دەزانم ئەو شتانەی کە بوونەتە هۆکاری خۆکوشتن و ژن‌کوشتن، بڤەکانن و ناوبردنی، هەم لە لایەن یاسا، هەم کۆمەڵگا و هەم بنەماڵەوە قبووڵ کراوە و بەڵام من ناچارم وەک ژنێک کە غەدرەکان و نابەرابەرییەکانی تا سەر ئێسقانەکانی کێشاوە و بەردەوام وەک لە بەرەی شەڕدا بێت لە شەڕدایە بۆ سەرەتاییترین مافە ڕەوا ئینسانییەکانی و وەک کەسێک کە لێوانلێوم لە زامی سوونەتەکان ودابونەریت و پیاوسالاری و هەڵاواردن، بە ئەرکی سەرشانی خۆم دەزانم کەمێک لەو ئازارانە باس بکەم کە خۆی بوونی منی ژێر پێ ناوە و من کاتێک جێگای ڕێزم کە ئەوان بم.

بە قەوڵی \"نینا بیۆرک\": ((ژنێتی وشەیەکی بە بەرگپۆشراوە، لە جەستەی ژنێکی ڕووتەوە دەست پێدەکات و لە هەرێمێکی تەواو جیاوازدا کۆتایی دێت. لە ڕێگەی ژنێکی ڕووتەوە بەرەو ژنێکی ژن شتێک ڕووی داوە، سەرگوزەشتەیەک لە بارەی ژنێتییەوە داهێنراوە، سەرگوزەشتەی بوونەوەرێک کە مەمک و منداڵدانی هەیە و پێویستە لەسەری کە بە ئەوانەوە هەڵوێست بنووێنێت.))

زلهێزیی پیاو و کەمهێزیی ژن لە هەموو ڕووداوەکانی ژیاندا، لە هەموو بوارەکاندا، لە هەموو کات و ساتێکدا وێنەی کێشەیەکی گەورەمان پیشان دەدەن، ئەوەیە کە ناومان ناوە کێشەی ژن. هەوڵی بەردەوام و سیستماتیکی ڕێژیمە جیاجیاکانی کۆمەڵگە، ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینی بۆ شاڕژکردنەوەی پیاو بە \"هێز\" و بەتاڵ‌کردنەوەی ژن لە \"هێز\"، لاسەنگێکی ترسناکی درووست کردووە. بۆ بەتاڵ کردنەوەی ئەم لاسەنگییە پێویست ناکات پیاو لە هێز خاڵی بکرێتەوە، بەڵام پێویستە ژن شاڕژ بکرێتەوە بە هێز.

دەبێ هەموو ئەو میکانیزمانە کە ڕۆڵیان گێڕاوە لە بێهێزکردنی ژن بە هەمان شێوە ڕۆڵ بگێڕن بۆ بەهێز کردنەوەیان. پێویستە ئەو کود و پێناسانەی کە هەڵەن، بگۆڕدرێن. ئێمە تا خاوەنی ئەو پێناسە نالۆژیکیانە بین، ناتوانین تەنانەت خەونیش بە کۆمەڵگای مەدەنی، دێموکراسی، بە دادپەروەری و بە ئازادییەوە ببینین، ئەوەی بە تەنگ دادپەروەری و مرۆڤاتییەوە دێت و دەخوازێت مرۆڤ ئازاد بێت، پێویستە کۆدەکانی بیرکردنەوەی خۆی سەبارەت بەو دیاردانەی کە مروڤ دەکەن بە کۆیلە بگۆڕێت. ئەگەر کۆیلە ببێت، مانای ئەوەیە خاوەن کۆیلەیش لە ئارادایە. باری دەروونیی کۆیلە و خاوەن کۆیلە هەردووک نائاساییە. کۆیلە لە دۆخی چەوساوەدا و خاوەن کۆیلە لە دۆخی چەوسێنەردا نائاساییە. مرۆڤ بۆ ئەوەی ئاسایی ببێتەوە، پێویستە نە کۆیلە بێت نە خاوەن کۆیلە. کەواتە ژن و پیاو پێویستە مرۆڤی ئازاد بن. لە ئەنجامی دووبارە پێناسەکردنەوە و بەپێی پێوەری زانستی و لۆژیکی دەگەینە ئەوەی کە:

- جەستەی ژن شەرەفی پیاو نییە.

- جەستەی ژن، تەنها بەڵگەیکە بۆ بوونی فیزیکیی ژن خۆی و هیچی تر.

- شەرەفی هەر مرۆڤێک بریتییە لە ئاکاری باشی خودی ئەو مرۆڤە! ئاکاری باشیش بریتیە لە ڕاستگۆیی، دەستپاکی، مرۆڤدۆستی، ژیاندۆستی، دڵسۆزی، مێهرەبانی و... شەرەف هیچ پێوەندییەکی بە ئۆرگانی سێکسی مرۆڤەوە نییە. ئۆرگانی سێکسی هەر مرۆڤێک، وەک هەر بەشێکی تری جەستەی مرۆڤە، وەک دەست، پێ، سەر، سک و... بێلایەنانە ئەرکی ڕۆژانەی خۆی دەپارێزێت بۆ زیندووهێشتنەوەی مرۆڤ و هیچی تر.

- هەتا ئەم پێناسە نۆێیەی چەمکی شەرەف و چەمکی جەستەی ژن، لەنێو کۆمەڵگەی ئێمەدا نەچەسپێت و جەستەی ژن ئۆتۆنۆمیی خۆی وەرنەگرێت، مەحاڵە کۆمەڵگا لە دۆخێکی ئاسایی و مرۆڤانەدا بژیەت.

- جەستەی ژن، جگە لە هی خۆی هی کەسی تر نییە، خۆیشی پێویستە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ جەستەی خۆیدا بکات. هەر بەکارهێنانێکی جەستەی ژن، چ لە لایەن کەسانی ترەوە بێت، چ لە لایەن خۆیەوە، بۆ مەبەست و ئەنجامی خراپی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، جەستە لە بەهای پیرۆزی خۆی دەخات.

- جەستە کاتێک پیرۆزە کە بۆ چالاکی و داهێنان لە پێناوی مرۆڤایەتیدا ببزوێت؛ کەڵک وەرگرتن له جەستەی مرۆڤ، لە نرخی جەستە و لەوێشەوە لە نرخی مرۆڤ کەم دەکاتەوە.

شتێکی دیکەش کە دەبێ هەوڵی بۆ بدرێت و ئەم جیاوازیی ڕەگەزییەی پێ بنەبڕ بکرێت، سەربەخۆیی ئابووریی ژنانە کە ڕۆڵێکی هەرەگرنگی لە چەوساندنەوەی ژندا بووە و هەیە. بە هەر حاڵ کۆمەڵگەی هاوچەرخی کوردەواری بۆ جنسی ژن نەخشی جنسییەتی زەعیفەی نامووسی پیاو و لاوازی دابین کردووە کە پێوەری چاک بوونی ژنیش شەرم و حەیا و قەبووڵیی هەر مەینەتێکە. گۆڕینی ئەم دۆخە نالەبارە پێویستی بە هوشیاری و ئاگایی زانست و خۆێندەواری و یەکگرتوویی خودی ژن هەیە. بە هۆی ئەوەی پیاوان لەم سیستمە پیاوسالارانەدا وا ڕاهاتوون کە ئامادە نین لە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ژندا کەم بکەنەوە و ژن لەو دەسەڵاتەدا بەشدار بکەن و تەجرووبە و ئەزموونیش پیشانی داوە کە بیری پیاوسالاری لە مێشکی پیاوانی ڕووناکبیری کورددا هەر چەقبەستووە و نەسڕاوەتەوە. پێویستە ژنان خەباتی سەربەخۆیی خۆیان دەست پێ بکەن. دڵنیام لەو خەباتەدا هێدی هێدی پیاوانیش بەشدار دەبن. ژنانی کورد دەبێ ببنە خاوەنی بیر و هزر و ئەندێشەی کاریگەر، تاکوو بتوانن ڕۆڵی جنسیەتیی خۆیان ببەنە ژێر پرسیار و گومان و هەوڵ بدەن بۆ گۆڕینی تەواوی ئەو بناغانەی کە بەدیهێنەری ژیندەرێکە کە ژنی کردووەتە کۆیلە.

سەرچاوە: ساڵنامەکانی ڕەهەند،
کتێبی فێمێنیزمی کوردی
فێمینیزم کێیەی کازیوە ساڵح
شەرەفنامەی مهاباد قەرەداغی

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.