جەستەی زاگرۆس لە ئاگردا سووتا

14:31 - 11 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە ٢٠ هێکتار لە لێڕەوارەکانی شاری سەردەشت بوو بە خۆڵەمێش و ئاگر خەسارێکی زۆری بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاند.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی گەلاوێژ، لێڕەواری گوندەکانی \"مەلا ڕەش و شینوێ\"، سەر بە شاری سەردەشت، ئاگریان تێبەردرا و زیاتر لە ٢٠ هێکتار لەو لێڕەوارانە بوو بە خۆڵەمێش.

بەرپرسی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی شاری سەردەشت، هەرچەند باسی لە هۆکاری ئاگرتێبەردانی لێڕەوارەکانی گوندەکانی \"مەلا شێخ و شینوێ\" نەکرد، بەڵام هۆکاری پەرەسەندنی ئەو ئاگرکەوتنەوەیەی بۆ هەڵکردنی \"با\"ی گەڕاندەوە.

\"سەید کامیل حوسێنی\"، هەروەها باسی لە خراپیی ڕێگاوبان و هەڵدێربوونی ئەو دارستانانە کرد کە بووە بەهۆی زیاتر ئاگرگرتن و سووتاندنی دارستانەکان.

ناوبراو ڕایگەیاند: \"بەهۆی کۆنترۆڵ نەکردنی ئاگرکەوتنەوە لەو دارستانە، ناتوانین ڕێژەی خەساری ئەو ئاگرکەوتنەوەیە دیاری بکەین\".

لەو پەیوندییەدا، مامۆستایان و پێشنوێژانی شارەکانی \"ڕەبەت و سەردەشت\" داوایان لە هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە کردووە کە لە کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەدا یارمەتیدەر بن.