جیگیری سیاسی_ئەمنییەتی پارێزگاری سنە، قامکی تاوانی بۆ حیزبە کوردییەکان لە شەڕی شاهۆ درێژە کرد

14:58 - 5 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: جێگیری سیاسی، ئەمنییەتی و کۆمەڵایەتی پارێزگای سنە، شەڕ و پێکدادانی شاخی شاهۆی کامیاران، دایە پاڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران.

حوسێن خۆش‌ئیقباڵ، جێگیری سیاسی، ئەمنییەتی و کۆمەڵایەتی پارێزگاری سنە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"ئیرنا\" وێرای پشتڕاست کردنەوەی شەڕ و تێکەڵچوونی نیزامیی لە شاخی شاهۆ، ڕایگەیاندووە: سپای پاسدارانی شاری کامیاران لە دەورووبەری گشکی لە نزیک هەوارەی \"هانیە\" لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی دژبەری شۆڕش تووشی شەڕ و تێکەڵجوون بوون.

جێگری سیاسی، ئەمنییەتی و کۆمەڵایەتی پارێزگاری سنە، باسی لە کوژرانی یەکێک لە ئەندامانی خۆجێی سپای پاسداران لەو شەڕ و تێکەڵچوونەدا کرد، بەڵام وردەکاری سەبارەت بەو شەر بڵاو نەکراوەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی بانەمەڕ، لە ئەنجامی شەڕ و تێکەڵچوونی گرووپێکی چەکداری نەناسراو لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران، چەند ئەندامی خۆجێی سپای پاسداران کوژرا و بریندار بوون.

لەو شەڕ و تێکەڵچوونەدا، یەکێک لە ئەندامانی خۆجێی سپای پاسداران بە ناوی \"ناسر دروویی\" خەڵکی گوندی لۆن\" سەر بە شاری کامیاران کوژراو و هەروەها برایەکی ناسر بە ناوی \"سابیر دروویی\" بە سەختی لەو شەڕدا، بریندار بوو.

هەتا ئێستا، هیچ کام لە حیزبە کوردییەکانی ئوپوزسیونی حکوومەتی ئێران، ئەم شەڕەیان لە ئەستۆ نەگرتووە.

دەستەواژەی\"ضد انقلاب\" لە ئەدەبیاتی سیاسی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەوە کەس یان جەریاناتێک دەوترێ کە چالاکی سیاسی ئەو کەس و لایەنانە بە پێچەوانەی سیاسەتی فەرمی حکوومەتی ئێستا ئێران بێت.